سبەی دوا مۆڵەتە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت

ژمارەیەک جۆری چەکی بێ مۆڵەت
ژمارەیەک جۆری چەکی بێ مۆڵەت

K24 - هەولێر

سبەی دوا مۆڵەتە لە بەردەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت بکەن و چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆماربکەن. سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، پێشبینی ناکرێت وادەکە زیاتر درێژبکرێتەوە و هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لەلا بگیرێت، رووبەڕووی سزایەکی توند دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی هەینی 21ـی تەممووزی 2023، پڕۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و سبەی دوا مۆڵەتە لە بەردەم هاووڵاتییان بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت بکەن و چەکەکانیان تۆمار بکەن، "چونکە پێشبینی ناکرێت وادەکە زیاتر درێژبکرێتەوە."

بەگوتەی هێمن میرانی، زۆرترین ژمارەی چەکی بێ مۆڵەت لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە و کەمترین ژمارەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. ئەوەشی خستەڕوو، چەکی قورس یان جەنگی بەهیچ شێوەیەک تۆمارناکرێت، لە هاووڵاتییان وەردەگیرێتەوە و لە بەرامبەردا قەرەبوو دەکرێنەوە. 

پەرلەمانی کوردستان رۆژی 1ـی ئاداری 2022 یاسای ژمارە دووی چەکی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد. بەگوێرەی ماددەی 15ـی یاساکە؛ هەر کەسێک بە بێمۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

سەرۆکی دیوای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لە گەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکات ئەگەر پێویستی بێت یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئایندەدا بە چاودێری وەزارەتی ناوخۆ دەکرێنەوە."

رۆژی 14ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ناوی 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی راگەیاند. بەو پێیەش ژمارەی ئەو بنکانە لە شار و شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 95 بنکە. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتیان کرد "بەزووترین کات سەردانی یەکێک لەم بنکانە بکەن کە بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و چەکەکانتان بێ بەرامبەر تۆمار بکەن."

بەگوێرەی یاسای 15ـی تایبەت بە چەک کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، نابێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر بێت. هاوکات دەبێت لە رووی دەروونی و جەستەیییەوە کێشەی نەبێت و پێشتر تاوانی ئەنجام نەدابێت و پاساوێکی گونجاوی بۆ هەڵگرتنی چەک هەبێت.

بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراون: سلێمانی 22 بنکە، هەولێر 18 بنکە، دهۆک 14 بنکە، ئیدارەی سۆران نۆ بنکە، ئیدارەی راپەڕین هەشت بنکە، هەڵەبجە شەش بنکە، ئیدارەی گەرمیان شەش بنکە، ئیدارەی زاخۆ پێنج بنکە و ئاکرێ دوو بنکە.

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک: ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە چەکە  بێ مۆڵەتەکانیان تۆماردەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، هێمن سلێمان، گوتەبێژی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە، زیادی کردووە".  

هێمن سلێمان جەختی لەوە کردەوە: "سبەی بەدواوە، هەر هاووڵاتییەک چەکەکەی تۆمارنەکردبێت، بە چەکێکی نایاسایی هەژماردەکرێت و بەگوێرەی ماددەی 15ـی یاسای چەک کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن هەر هاووڵاتییەک دەستیبەسەردا بگیرێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە؛ بە شێوەیەک ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت یان بە بڕی دوو ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێت".

گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی دهۆک داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بنەکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت بکەن و چەکەکانیان تۆماربکەن. دەشڵێت، "زۆر جار لە نێو بنکەکان دەبێتە قەرەباڵغی و هاووڵاتییان نۆرە دەگرن بۆ ئەوەی چەکەکانیان تۆماربکەن، ئەمەش ئێمەی دڵخۆشکردووە".

ئەو هاووڵاتییانەی چەکەکەکانیان تۆماردەکەن، وەکو ئەوەی هێمن سلێمان باسی کرد، "ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، کاتێک داوای مۆڵەتی چەک دەکات یان دەتوانێت چەکی خۆی بفرۆشێت لەو بنکانەی کە لە داهاتوودا بۆ کڕین و فرۆتنی چەکی بێ مۆڵەت لە شار و شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، بەڵام ئەوەی چەکەکەی تۆمارنەکات، کاتێک سەردانی ئەو بنکانە بکات بۆ فرۆشتنی چەکەکەی، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت".

بەشێک لە هاووڵاتییان ترسییان لەوە هەیە کاتێک سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت بکەن، چەکیان بۆ تا هەتایە لێ وەربگیرێت. لەوبارەوە گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی، "باشترین گەرەنتی بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بزانن چەکەکانیان پێیان دەدرێتەوە، یاسایە و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، نەک پۆلیس یاساکەی دەرکردووە و جەخت لەوە دەکەمەوە هەرکەسێک چەکەکەی تۆماربکات، لای دەمێنێتەوە و تەنها لەو کەسانە وەردەگیرێت کە بۆ ئەنجامدانی تاوانێک بەکاریدەهێنن".

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتیشی: "وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک زۆر هەوڵمانداوە بڕوا بە هاووڵاتییان بهێنین هەر کەسێک چەکە بێ مۆڵەتەکی تۆماربکات، چەکەکەی بەبىێ بەرامبەر دەبێتە چەکێکی یاسایی و تۆماردەکرێت و لە کەس وەرناگیرێت، بەڵکوو دوای تۆمارکردنی، رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە."

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران "ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان" چەکی مۆڵەتیان تۆمارکردووە

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا هاووڵاتییانی سنووری سۆران بە گروتینێکی زۆرەوە روویان لە بنکەکانی تۆمارکردنی چەکیان کردووە و چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆمارکردوون.

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆمارکردوون، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند، هیچ ئامارێکی تەواوی لانییە، بەڵام ژمارەکە زۆرە و دڵخۆشکەرە. هاوکات داواشی لەو هاووڵاتییانە کرد، کە تا ئێستا چەکەکانیان تۆمارنەکردوون، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆلەت بکەن.

بەگوتەی شەماڵ دێواری، زۆرینەی ئەو چەکانەی هاووڵاتییانی سنووری سۆران تۆماریکردوون، "کلاشینکۆف، دەمانچە و هاوشێوەکانی کلاشینکۆف" بوون. دەشڵێت، "چەکی جەنگی تۆمارناکرێن، نابێت لای هاووڵاتییان بن و دەبێت رادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە".

لەبارەی ئەوەی چۆن قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکەنەوە کە چەکی قورس و جەنگییان لێ وەردەگیرێتەوە؛  گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی چەکە جەنگییەکان تۆمارناکرێن، "نرخی ئەو چەکانە بە خاوەنەکانیان دەدرێتەوە و مافیان ناخۆرێت".

 

 

لە سنووری زاخۆ زیاتر لە چوار هەزار جۆری چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکراون

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەحمەد شالی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە حەوت بنکەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە سنووری زاخۆ، زیاتر لە چوار هەزار جۆری چەکی بێ مۆڵەتی هاووڵاتییان تۆمارکراون.

هاوکات ئەحمەد شالی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی رابردوودا سەرجەم بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت 24 کاتژمێر کراوە بوون و پێشوازییان لە هاووڵاتییان کردووە بۆ ئەوەی چەکەکانیان تۆمار بکەن و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەمڕۆش کە کۆتا رۆژە، هاووڵاتییان بەردەوام سەردانی بنکەکان دەکەن و چەکەکەکانیان تۆمار دەکەن.

هەر کەسێک وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی زاخۆ باسی دەکات، لە سبەی بەدواوە چەکی بێ مۆڵەتی لەلای بگیرێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە و رەوانەی دادگا دەکرێت بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بنکەکان بکەن و چەکەکانیان تۆماربکەن.