بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بێبەشکردنی بەشێک لە بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو بانکانە داواکاری لە 8%ی کۆی گشتی حەواڵە دەرەکییەکان پێکناهێنن.

بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "سەبارەت بە بێبەشکردنی بەشێک لە بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار و رێگریکردن لە پاشخانی پشکنینی حەواڵەی بانکی بۆ ساڵی رابردوو بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە پێش بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و پێش پێکهێنانی حکومەتی ئێستا بووە.

ئەوەشهاتووە، "ئەو بانکانەی بێبەشن لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمەریکی، ئازادییەکی تەواویان هەیە بۆ مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لەگەڵ خزمەتگوزارییە جیاوازەکان لەناو سیستەمی بانکی عێراقیدا، ئەمە جگە لەوەی مافی مامەڵەکردنی نێودەوڵەتییان هەیە بە دراوەکانی تر جگە لە دۆلاری ئەمەریکی".

لەراگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی هاتووە، "ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق بەدەستی هێناوە لە رووی فراوانکردنی کەناڵەکانی گواستنەوە و پەسەندکردنی بانکە پەیوەندیدارەکان، کارەکانی گواستنەوە دەکاتە بەردەست و پارێزراو".

دەشڵێت: "ژمارەی ئەو بانکە ناوخۆییانەی کە ئەم کارە دەکەن توانای داپۆشینی هەموو داواکارییەکانی گواستنەوەیان هەیە، لەگەڵ توانای بانکی ناوەندی عێراق بۆ داپۆشینی ئەوان بەبێ سنووردارکردن، دەزانن کە بانکەکانی قەدەغەکراو لە دۆلار، داواکارییەکانیان بۆ تەنها %8 کۆی گواستنەوەی دەرەکی پێکناهێنن.

روونیشیکردەوە، "ئەو نرخە راگەیەندراوەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕدا لەسەر بنەمای ئەو دۆلارە نەختینەیە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بەخشراوە بۆ داواکاری هاووڵاتیان بۆ سەفەر و کاری تر، هەروەها بەهۆی پێویستی هاووڵاتی بە دراوی نیشتمانی، هەندێک لە بازرگانان و ئەوانی دیکەش دۆلار دەکشێننەوە بۆ بازرگانی یان مەبەستی دیکە، دوور لە پلاتفۆرم و دوور لە چوارچێوەی گواستنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لەسەر بازاڕی رەش، بە مەرجێک سەرچاوەی دۆلار بێت".

بانکی ناوەندی بەپێی راگەیەندراوەکە داوای کردووە، "حکومەت بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە، میکانیزمێک دابنێت بۆ بەستنەوەی هاوردەکردن، بەمەبەستی رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئامرازی نایاسایی لە پێدانی بەهاکانیدا، کە فشارێکی ناڕەوا لەسەر دۆلاری نەختینەیی پێکدەهێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردنی دەستکاریکردن و قاچاخچێتی هاوردەکردن".