هاوکارییەکانی سوید بۆ عێراق لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا

عێراق و سوید
عێراق و سوید

K24 - هەولێر:

پەیوەندییەکانی عێراق و سوید لەسەر بنەما پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە و عێراق باڵیۆزخانەی لە ستۆکهۆڵم هەیە و سویدیش بەهەمان شێوە لە بەغدا باڵیۆزخانەی کردووەتەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی رابردوو كاتێك عێراق رێگەی بە کۆمپانیا سویدییەکان دا لە عێراق وەبەرھێنان بكەن، بەڵام دوای لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوێت لە ساڵی 1990 پەیوەندییەکان پچڕان، پاشان دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە وردە وردە گەڕایەوە.

بەو پێیەی نزیكەی 150 هەزار کۆچبەری عێراقی لە سوید دەژین و پێکهاتەی عێراقی بە یەکێک لە گەورەترین پێکهاتە بیانییەکانی سوید دادەنرێت و بەڕێژەی سێ لەسەدا لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتە پێکدەھێنن، ئەم پەیوەندییانە پێی ناوەتە قۆناغێكی گرنگەوە.

ھاوكات لە پێناو نۆژەنکردنەوەی ئەو باڵەخانە و ژێرخانانەی لە سەردەمی جەنگی داعش لە عێراق رووخاون، حکومەتی سوید لەچوارچێوەی پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان تاوەكو ئێستا چەندین جار ھاوكاری عێراقی كردووە.

مانگی ئایاری ئەمساڵ نزیكەی دوو ملیۆن دۆلاری ناردە پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق.

ھەروەھا لە سەرەتای دامەزراندنی پرۆگرامەکە لە ساڵی 2015ـەوە تا ئێستا حکومەتی سوید بە بڕی 42 ملیۆن دۆلار پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەدەستخستنی سەقامگیری لە عێراق کردووە.

لەو چوارچێوەیەشدا تاوەكو ئێستا پرۆگرامەكە زیاتر لە سێ هەزار و 500 پڕۆژەی لە پێنج پارێزگاری ئەنبار، دیالە، کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین تەواو کردووە، كە بریتین لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەکانی ئاو، تۆڕەکانی کارەبا و رەخساندنی هەلی کار، هەموو ئەم پڕۆژانە ژیانی نزیكەی هەشت ملیۆن كەسی لە عێراق باشتر کردووە و کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەڕی داعش كردووە.

لە پرسی گۆڕانی كەشوھەوا، سوید یەكێك بووە لەو وڵاتانی كە ھاوكاری پێشكەش بە حكومەتی عێراق كردووە، ساڵی رابردوو حکومەتی سوید نزیكەی 10 ملیۆن دۆلاری بەخشییە عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی ئەو وڵاتە لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی کشتوکاڵ.