لهبارهی سووتاندنی كۆپییهكی قورئانی پیرۆز واشنتن داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، دان بە خۆیاندا بگرن
K24 - هەولێر:
سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن بەنابەرێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵم و هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆی هێنا و ماتیۆ میڵەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا، هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق ئیدانە دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، دان بە خۆیاندا بگرن. هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان، تورکیا، ئوردن، سعودییە، ئێران و قەتەریش بە توندی سوتاندنی قورئان ئیدانە دەکەن.
ماتیۆ میڵەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاند، هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق ئیدانە دەکەن و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا گوتی: "داوا لە عێراق و سوید دەکەم دان بە خۆیاندا بگرن و گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە، ئەوەی لە عێراق روویدا توندوتیژی بوو. ئێمە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق ئیدانە دەکەین."
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراق، بە توندنی سوتاندن و بێڕێزیکردن بە کتیبە ئاینییەکانی ئیدانە دهكات و دووپاتیشیکردەوە، بێڕێزیکردن بە کتێبە ئاینییەکان ناچێتە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین.
ئاماژەی بەوەشدا، گردبوونەوە و خۆپیشاندان مافێکی بنچینەییە و بەتوندیش هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سەرکۆنە دەکەن.
هەریەک لە سعودیە و ئێران و قەتەر سوتاندن و بێڕێزیکردن بە قورئانیان لە ستۆکهۆڵم ئیدانەکرد و باڵیۆزخانەی سویدیان لە وڵاتەکانیان بانگێشتکرد.
تورکیا و ئوردنیش، بە توندی سوتاندنی قورئانیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم ئیدانە کرد و داواش لە سوید دەکەن رێکاری توند بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە بگرێتەبەر.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ گروپی وڵاتانی هاوکاری ئیسلامی پشتیوانی خۆی بۆ کۆمەڵگەی موسڵمانان دووپاتکردەوە و هەر جۆرە توندوتیژییەکیشی بۆ سەر موسڵمانان ئیدانەکرد.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە، سهلوان مۆمیكا، ههمان ئەو کەسەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا كۆپییهكی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دوێنێ لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم بێڕێزی بە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر کرد، بەڵام وەک ئەوەی پێشتر بانگەشەی بۆ کردبوو، کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی نەسووتاند.