زانیاری لەبارەی دەنگە بەهێزەکەی دەڤەری باڵەکایەتی دەخرێتەڕوو

قەزای چۆمان - فۆتۆ: ئیبراهیم گەلەژێری
قەزای چۆمان - فۆتۆ: ئیبراهیم گەلەژێری

K24 – سۆران:

دوای بیستنی دەنگێکی بەهێز لە دەڤەری باڵەکایەتی، هەردوو بەڕێوەبەری شاردەێی قەسرێ و وەرتێ بۆ کوردستان24 دەڵێن، ئەو دەنگە بەهێزە لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بووە لە ناوچەکە.

شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری شاردەێی قەسرێی سەر بەقەزای چۆمان بە کوردستان24ـی راگەیاند کاتژمێر (10:45) خولەکی شەوی (21ـی تەمموزی 2023) بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکەی هەژاند و دەنگێکی هاوشێوەی تەقینەوەیەکی بەهێزی لەگەڵدا بووە.

هاوکات شاخەوان حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، سنووری شارەدێی وەرتێ، بناری قەندیل، دۆڵی خانەقا و شارەدێی قەسرێ و تەنانەت بەشێک لە دانیشتووانی چۆمانیش هەستیان بەو دەنگە کردووە.

شاخەوان حوسێن روونیکردەوە، ئەو دەنگەی بیستراوە، بۆ دانیشتووانی دۆڵی خانەقا جێگەی ترسی زۆر بووە چونکە وێڕای بوومەلەرزەکە، دەنگی تەقینەوەکە لەشێوەی داڕمانی شاخ بووە بەڵام تائێستا هیچ زیانێک تۆمارنەکراوە.

هەروەها موسڵیح زرار، بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەو دەنگە بەهێزەی لە ناوچەکەیان بیستراوە بوومەلەرزە بووە.