جووتیار عادل: سبەی لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێککەوتن و پێویستە بودجەی هەرێم بنێردرێت

جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی
جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی یان دووسبەی لەگەڵ زۆرینەی پرسەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگەنە رێککەوتن و، هیچ بیانوویەک لە بەردەم ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت. روونیشی دەکاتەوە، حکومەتی عێراق نیازێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم هەیە.

ئەمڕۆ شەممە 22ـی تەممووزی 2023، جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی سەردانەکەی سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو و ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان؛ میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ی کوردستان24 بوو؛ کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد.

لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، "لەو گفتوگۆیانەدا هەنگاوی باش نراوە و، چەند بابەتێکیش گفتوگۆکران. بابەتەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و ئەو پابەندبوون و مافانەی لەلایەن هەردوولا هەیە، گفتوگۆ کران."

وەکو ئەوەی جووتیار عادل باسی کرد، دوو بابەتی دیکە ماون بڕیارە بەیانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا و قسەوباسی لەسەر بکات. "یەکەمیان پرسی داهاتە نانەوتییەکان؛ ئیستا هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراقی کراوەتەوە و ئەو بڕە پارەیەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان، لەو هەژمارە دادەنرێت. لە هەمانکاتدا هەندێک بابەتی تر پەیوەستن بە یەک بەرمیلی بەرهەمهێندراو لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ماوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت."

جووتیار عادل دەڵێت، "لەو بڕاویەداین بەیانی ئەم دوو بابەتەش چارەسەربکرێن و ئەو کات دەبێت بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان بنێردێت، جگە لەو شەش مانگەی پەیوەستن بە "تەسفییەی حیسابات" کە لەسەر حکومەتی عێراق پابەندە، دەبێت وەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردێت. بۆیە لەو بڕوایەدام هەندێک لەو بابەتانە بەیانی قسەیان لەسەر بکەین و بگەیەنە دەرئەنجامێکی باشیش ئینشائەڵڵا."

بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە، "ئێستا رۆژانە حکومەتی عێراق نزیکەی 60 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، دەپاڵێوێت یان بۆ کاری دیکە بەکاری دەهێنێت."

دەقی چاوپێکەوتنەکەی کوردستان24 لەگەڵ جووتیار عادل، ئەندامی شاندی دانوستاندکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان


کوردستان24: بڕیارە سبەی دووبارە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا؛ لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە و باسی چی دەکەن؟

جووتیار عادل: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و سڵاو و رێز بۆ بینەر و بیسەرانی کوردستان24. لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە (16ـی تەممووزی 2023) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و چەند ئەندامێکی تر لە گفتوگۆدان. بێگومان لەو گفتوگۆیانەدا هەنگاوی باش نراوە و، چەند بابەتێکیش گفتوگۆکران. بابەتەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و ئەو پابەندبوون و مافانەی لەلایەن هەردوولا هەیە، گفتوگۆ کران.

لە 25ـی حوزەیرانەوە نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی حکومەتی عێراقەوە رۆژانە 60 هەزار بەرمیل نەوت دەنێردرێت یان رادەستی بەغدا دەکرێت و، لە هەمانکاتیشدا بابەتی تر کە پەیوەستن بە داهاتە نانەوتییەکان تاوتوێدەکرێن.

کوردستان24: وابڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کورستان بڕیاربدات؛ ئێوە گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی؟

جووتیار عادل: هەندێک بابەت ماون، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو هەنگاوی کرداری کردوویەتی، بەتایبەت رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە یاسای بودجەدا هاتووە. ئێستا رۆژانە حکومەتی عێراق نزیکەی 60 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، دەپاڵێوێت یان بۆ کاری دیکە بەکاری دەهێنێت. واتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چوارچێوەیەدا ئەم خاڵەی جێبەجێکردووە و پابەندبوونەکەشی جێبەجێکردووە.

بابەتی تر کە پەیوەست بوو بە پرسی ئەو شەش مانگەی کە دەبێت "تەسفییەی حیسابات" بکرێت و، ئەو پابەندبوون و مافانەی لەسەر هەردوولا هەن، هەنگاوی باش نراوە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. دوو بابەتی دیکە ماون بڕیارە بەیانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و قسەوباسی لەسەر بکات. یەکەمیان پرسی داهاتە نانەوتییەکان، وەکو ئەوەی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو باسی لێوەکرا؛ ئیستا هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراقی کراوەتەوە و ئەو بڕە پارەیەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان، لەو هەژمارە دادەنرێت. لە هەمانکاتدا هەندێک بابەتی تر پەیوەستە بە یەک بەرمیلی بەرهەمهێندراو لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ماوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

بۆیە ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرسی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، لە لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، زۆربەی هەرە زۆری جێبەجێکراوە، بەیانیش لەو بڕاویەداین ئەم دوو بابەتەش چارەسەربکرێن و ئەو کات دەبێت بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان بنێردێت، جگە لەو شەش مانگەی ئاماژەمان کرد کە پەیوەستن بە "تەسفییەی حیسابات" کە لەسەر حکومەتی عێراق پابەندە، دەبێت وەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردێت. بۆیە لەوبڕوایەدام هەندێک لەو بابەتانە بەیانی قسەیان لەسەر بکەین و بگەیەنە دەرئەنجامێکی باشیش ئینشائەڵڵا.

کوردستان24: ئەگەر سبەی لەگەڵ بەغدا گەیشتنە رێککەوتن؛ حکومەتی عێراق مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستان لە هەمان رۆژدا دەنێرێت؟

جووتیار عادل: بێگومان ئەگەر کێشەکەکان چارەسەرکران و هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن؛ دەکرێتە راپۆرتێک بۆ حکومەتی هەردوولا (حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان) بەرزدەکرێتەوە، بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەوکات بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی جێبەجێکردووە، دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەندبوونەکەی جیبەجێ بکات بە ناردنی مانگانەی بەشی بودجەی هەرێمی کوردستان، کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێ دراوە. بۆیە ئەم بابەتە کۆتاییە و هیچ بیانوویەک نەماوە و هیچ بابەتێکیش نەماوە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی نەکات، ئەمەش بێگومان هەمووی لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە و دەبێت یاساکە رەنگدانەوەی دەستووربێت.

ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەینەوە، ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بێت بە یاسای بودجە، ئەمە جێبەجێکراوە و هەندێک بابەت ماون لەو بڕوایەدام بەیانی یان دوو بەیانی چارەسەربکرێت، چونکە نیەتێکی ئەرێنی و نیەتێکی رێککەوتن (لەلایەن حکومەتی عێراقەوە) هەیە؛ بەتایبەت لەلایەن هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەو تێگەییشتنەی ئەوان هەیانە هاتووەتە خوارەوە و لەسەر هەردوو شاندەکە دەنگی داوەتەوە، بەتایبەت شاندی عێراق. هەستدەکرێت هەنگاوی باش نراوە و لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە. کە ئەم بابەتە چارەسەر کرا هیچ بیانوویەکی دیکە نامێنێت لەوەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەگەر ئەم دووبابەتە چارەسەرکرا، دەبێت بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت.

کوردستان24: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێبن لەم هەفتەیەدا مووچە لە بەغداوە بگات؟

جووتیار عادل: دڵنیام دوای ئەوەی ئەم هەردوو بابەتە چارەسەرکران، حکومەتی عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دوای ئەوەی هەندێک رێکاری رۆتینی کە دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق بگرێتەبەر و دوای ئەوە بە دڵنیاییەوە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. ئەوەی گرنگە بەیانی یان دووبەیانی چارەسەبکرێت و لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو بابەتە هەبێت. دوای ئەوە هیچ بابەتێک نامێنێت ناکۆکی لەسەر هەبێت، تەنها هەندێک رێکاری رۆتینی دەمێنێت کە تایبەتن بە دانان و گواستنەوەی داهاتەکان و "تەسفییەی حیساباتی" شەش مانگی رابردوو، کە لەسەر سەدا 90ـی رێککەوتن کراوە و هەفتەی داهاتوودا دەگەینە رێککەوتن. لەبارەی بابەتی وەکو دەروازە سنوورییەکانیش گفتوگۆمان کردووە، کە هەنگاوی باش لەوبارەوە نراوە و تەنها ماوە رێککەوتنی لەسەر دەروازە سنوورییەکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیە واژوو بکرێت.

کوردستان24: گەشبینن سبەی لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی؟

جووتیار عادل: ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیرکراون. لەماوەی ئەم کابینەیەدا شاندی هەرێمی کوردستان دەیان جار سەردانی بەغدای کردووە  و ئەم بابەتانەش بە ئاسانی بەدەستنەهێندراون و سەدا 95ـی تەواوبووە و بەشێکی کەمی ماوە. لەو بڕوایەدام ئەگەر حکومەتی عێراقی بە باشی بێتە پێشەوە و بەپێی ئەو یاسا و دەستوورەی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە ئەنجامێکی هاوبەش، لە بەرژەوەندی هەردوولابێت، بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

کوردستان24: گفتوگۆکانتان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامییان دەبێت یان کۆبوونەوەکانی سبەی و دووسبەی دوا کۆبوونەوە دەبن؟

جووتیار عادل: لەبارەی بابەتی بودجە؛ پرسەکە دوو بەشە یەکەمیان پەیوەستە بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو بڕگە و ماددانەی لە یاسای بودجەدا هاتوون و هەموویانی جێبەجێکردووە، بەڵام لە بەرامبەردا شێوازی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەمێنێتەوە کە لە چۆنیەتی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم و دانانی داهاتی هەرێم لە هەژمارە بانکییەکاندا پێکدێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم دوو سێ رۆژەن؛ ئەگەر گەیشتینە رێککەوتن هیچ شتێکی زەحمەت نامێنێت و رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت. هاوکات گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی چەند یاسایەکی دیکەی وەکو یاسای نەوت و گاز و بەشێکی دیکەی ئەو بابەتانەی لە کارنەمای کابینەی سوودانیدا هاتوون، کە پێویستە قسە و باسی لەسەر بکرێت، بەڵام کاری لەپێشینەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە.

لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەوەی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە هەندێک پێشنیاز بێنین، کە هەندێک خاڵ هەیە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەریان هەیە و هەندێک خاڵیش هەن ناکۆکییان لەسەرە، لە کۆبوونەوەکانی سبەی و دووسبەی گفتوگۆیان لەسەر دەکەین و گەشبینم بەوەی بگەینە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان. دواتر هەندێک بابەتی دیکەی دەمێنێتەوە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە پەیوەستە بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، نەک تەنها فەرمانبەران.

کوردستان24: نیازپاکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و ناردنی پشکی هەرێم هەیە؟

جووتیار عادل: ئەو لێکتێگەییشتنەی  و نیازەی لای سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، لەسەر شاندی حکومەتی عێراقی رەنگی داوەتەوە، کە پێشتر وانەبوو؛ مەبەستم پێش ساڵێک یان ساڵونیوێک. ئەمە راستییە و دانی پێدا دەنێین، جگە لەوەی بەردەوام نیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن بووە. بۆیە ئەگەر نیازی رێککەوتن هەبێت، ئەو کێش و گرفتانەی دێنە پێشەوەش، ئەگەر نیاز هەبێت، چارەسەردەکرێن، بەڵام ئەگەر نیازی رێککەوتن نەبێت، کێشەکە بچووکیش بێت، چارەسەر ناکرێت.

ئەوەی ئێمە بینیومانە، بوونی نیازێکی جیددی شاندی حکومەتی عێراقە بۆ رێککەوتن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەکردنی یاسای بودجە و کێشە و گرفتەکان بەپێی دەستوور و ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق دەریکردووە و پەسەندی کردووە.

کوردستان24: سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجە کاریگەری لەسەر گفتوگۆکان هەبووە؟

جووتیار عادل: گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئەو بابەتە نەکراوە و گفتوگۆکان هیچ پەیوەندییەکی بەو سکاڵایەوە نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی لە دژی ژمارەیەک بڕگە و ماددەی یاسای بودجە تۆماریکردووە. ئەرکی ئێمە لە گفتوگۆکاندا دیاریکراوە و تەنها گفتوگۆمان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە بە هیچ شێویەک باسی ئەو بابەتە نەکراوە.