سه‌فین ئه‌مین بۆ یه‌كه‌مجار نهێنییه‌كی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 ئاشكرا ده‌كات
له گۆشه‌ی "كوردستار"ـی ئه‌مجاره‌ی كوردستان24، سه‌فین ئه‌مین یاریزانی پێشووی یانه‌كانی زاخۆ و نه‌ورۆز بۆ یه‌كه‌مجار نهێنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌ڵه‌به ئاشكرا ده‌كات، ده‌شڵێت: بۆ هه‌میشه یانه‌ی زاخۆ له‌بیر ناكه‌م، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م بۆ وه‌رزی داهاتوو یاریی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بكه‌م.
له ته‌مه‌نێكی بچووك 5 یانه‌ی تاقی كردووه‌ته‌وه
سه‌فین ئه‌مین ته‌مه‌نێكی بچووكی هه‌یه، به‌ڵام ئاستبه‌رزی ئه‌م یاریزانه به‌خێرایی له نێو شه‌قامی تۆپی پێی كوردستان و عێراقیش ده‌نگی دایه‌وه، ئه‌م ئه‌ستێره لاوه ته‌مه‌ن 24 ساڵه، بۆ پێنج یانه‌ی كوردستان یاریی كردووه، له یانه‌ی رانیه پێگه‌یشتووه، دواتر كه‌وته ژێر چاوتێـبڕینی یانه‌كانی كوردستان و كێبڕكێیان له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ده‌كرد. یانه‌ی نه‌ورۆز هه‌رزوو ده‌رگای یانه‌كه‌ی به‌ڕوویدا كرده‌وه، پاشان په‌یوه‌ندی به یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كرد، ئاستبه‌رزی ئه‌و یاریزانه له خولی نایابی كوردستان وایكرد یانه‌ی زاخۆ بۆ خولی نایابی عێراق پێشوازی لێ بكات، ئه‌گه‌رچی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ته‌ڵه‌به واژۆ كرد، به‌ڵام به‌هۆكارێكی تایبه‌ت دوای یه‌ك مانگ له‌سه‌ر داوای خۆی گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو په‌یوه‌ندی به یانه‌ی چوارقورنه كرد.
نهێنی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له ته‌ڵه‌به ئاشكرا ده‌كات
سه‌فین ئه‌مین له 2022 دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی زاخۆ له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی نه‌گه‌یشتینه رێككه‌وتن، بڕیاریدا پێشوازی له‌و ئۆفه‌ری یانه‌ی ته‌ڵه‌به بكات كه پێشكه‌شی كرا بوو، به‌ڵام دوای كه‌متر له یه‌ك مانگ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌ڵه‌به هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌فین ئه‌مین بۆ یه‌كه‌مجار هۆكاری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له ته‌ڵه‌به بۆ كوردستان24 ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: له دوای رۆیشتنم له یانه‌ی زاخۆ، كۆمه‌ڵێك ئۆفه‌رم پێشكه‌ش كرا، به‌ڵام ته‌ڵه‌به‌م هه‌ڵبژارد، چونكه دڵنیابووم له‌گه‌ڵ ته‌ڵه‌به ده‌توانم ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌م و بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش بكرێم، ده‌متوانی ببمه جێگه‌ی شانازی بۆ هه‌موو كوردستان.
سه‌فین زیاتر ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ پشده‌ری برام كه پێشتر یاریزانێكی دیاری یانه‌ی نه‌ورۆز بووه له خولی نایابی عێراق یاریی كردووه و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانیشمه سه‌ردانی به‌غدامان كرد و گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵ ته‌ڵه‌به واژۆ كرد، به‌ڵام پاش یه‌ك كاتژمێر له راگه‌یاندنی گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵ ته‌ڵه‌به، تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی خراپ بووم، له جیاتی ئه‌وه‌ی دڵخۆشبم كه له رانیه‌وه په‌یوه‌ندیم به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین یانه‌كانی عێراق كردووه، كه‌چی به‌جۆرێك دڵته‌نگ بووم خه‌ریك بووم رووحم ده‌ربچێت، یه‌كسه‌ر گه‌ڕامه‌وه رانیه و رۆژ به رۆژ لایه‌نی ده‌روونیم خراپتر ده‌بوو.
سه‌فین ئه‌مین گوتیشی: ته‌ندروستیم زۆر خراپ بوو، پاشان سه‌ردانی چه‌ند پزیشكێكم كرد، بۆم ده‌ركه‌وت كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی من ته‌نیا حاڵه‌تێكی ده‌روونییه، دواتر زانیم چه‌ند هاوڕێیه‌كی نزیكی خۆم "ئیره‌ییان" پێ بردووم و كورد گوته‌نی بوومه قوربانی لێزه‌ر و چاوپیسی ئه‌وان.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی ته‌ڵه‌به، سه‌فین ئه‌مین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد به نیاز نییه بگه‌ڕێته‌وه ته‌ڵه‌به، ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر بڕیار بێت رۆژێك یاریی بۆ یه‌كێك له یانه گه‌وره‌كانی به‌غدا بكه‌م جگه له ته‌ڵه‌به یاریی بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه ناكه‌م، چونكه كارگێری ئه‌و یانه‌یه ڕێزێكی زۆریان له‌بڕیاره‌كه‌ی من گرت، چونكه تووشی حاڵه‌تێكی ئه‌وه‌نده خراپ هاتم بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه به یه‌كجاری واز له تۆپی بهێنم.
بۆچی چوارقورنه‌ی هه‌ڵبژارد؟
سه‌فین ئه‌مین دوای یه‌ك مانگ له واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی، بڕیاریدا نه‌گه‌ڕێته‌وه یانه‌ی ته‌ڵه‌به و به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو گه‌ڕایه‌وه خوله‌كانی كوردستان په‌یوه‌ندی به یانه‌ی چوارقورنه كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه 9 گۆڵ و 6 ئاسیستی كرد.
ئه‌م یاریزانه هۆكاره‌كه‌ی بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد و گوتی: بۆیه په‌یوه‌ندیم به یانه‌ی چوارقورنه كرد، چونكه یانه‌كه‌ی من كه رانییه له خولی پله‌یه‌كی كوردستان یاریی ده‌كرد و ركابه‌ری چوارقورنه نه‌بوو، هه‌رچه‌نده بڕیارێكی قورس بوو، هۆكاری هه‌ڵبژاردنی یانه‌كه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به‌و دۆخه ده‌روونییه خراپه‌وه هه‌بوو كه نه‌مده‌توانی له دووری خانه‌واده‌كه‌م یاریی بۆ هیچ تیپێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌م بكه‌م، بۆیه چوارقورنه باشترین بژارده بوو، له دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كان یه‌كسه‌ر ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌وكات چه‌ندان یانه‌ی داوای منیان كرد، به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له رێگه‌ی سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر خواستێكی گه‌وره‌یان بۆ گواستنه‌وه‌ی من ده‌ربڕی، به‌ڵام من چوارقورنه‌م هه‌ڵبژارد.
وه‌رزی داهاتوو یاریی بۆ یانه‌یه‌كی كوردی ده‌كات
سه‌فین ئه‌مین له وه‌ڵامێكی كوردستان24 ئاشكرای كرد هێشتا بڕیاری كۆتایی له باره‌ی یانه‌ی داهاتووی نه‌داوه، به‌ڵام خۆی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه بۆ یه‌كێك له یانه كوردییه‌كانی به‌شداربووی خولی نایابی عێراق یاریی ده‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: چه‌ندان یانه‌ی عێراقی بۆ گواستنه‌وه‌ی من له‌سه‌رهێڵن، به‌ڵام بڕیارم داوه بۆ وه‌رزی داهاتوو بۆ یه‌كێك له یانه كوردییه‌كان یاریی ده‌كه‌م، هه‌ر چوار یانه كوردییه‌كه‌ی به‌شداربووی خولی نایابی عێراق به یانه‌ی خۆم ده‌زانم، به‌تایبه‌تی زاخۆ بۆ هه‌میشه له نێو دڵی مندا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام دۆخی ژیانی من بۆ یانه‌ی نه‌ورۆز و هه‌ولێر گونجاوه، به‌تایبه‌تی هه‌ولێر كه ئاماده‌ی به‌شێك له یارییه‌كانی ئه‌و یانه‌یه بووم، حه‌ز ده‌كه‌م له وه‌رزی داهاتوو یاریی بۆ ئه‌و یانه‌یه بكه‌م.
سه‌فین گوتیشی: ئه‌گه‌ر بڕیار بێت بۆ یانه‌یه‌كی خولی كوردستان یاریی بكه‌م، ئه‌وكات بڕیاردان بۆ من زۆر قورس ده‌بێت، چونكه چوارقورنه بووه‌ته به‌شێك له ژیان و مێژووی من، هه‌ڵبه‌ت یانه‌ی رانیه‌ش به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ژیانمه.
خۆشترین ساته‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی زاخۆ بووه
سه‌فین ئه‌مین یاریزانی پێشووی یانه‌ی زاخۆ له به‌رسیڤێكی كوردستان24 ئاشكرای ده‌كات خۆشترین ساته‌كانی ژیانی وه‌رزشی ئه‌و كاته بووه له یانه‌ی زاخۆ یاریكردووه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: له منداڵییه‌وه خه‌ونم به‌وه ده‌بینی له یه‌كێك له یانه به‌شداربووه‌كانی خولی نایابی عێراق یاریی بكه‌م، زاخۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ڕه‌خساندم و پشتگیرییه‌كی زۆری كردم، زۆر دڵخۆشبووم بۆ یه‌كه‌مجار به درێسی زاخۆ به‌رامبه‌ر چه‌ندان یاریزانی ناوداری عێراقی یاریم كرد كه پێشتر به‌رامبه‌ر یاریزانه دیاره‌كانی جیهان وه‌كو نێیمار یارییان كردووه.
سه‌فین ئه‌مین جه‌ختی له‌وه كرده‌وه هه‌رگیز هانده‌رانی زاخۆ له‌بیر ناكات، ده‌شڵێت: هانده‌رانی زاخۆ پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ی منیان كرد، سووپاسیان ده‌كه‌م تا ئێستاش داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی من ده‌كه‌ن، ئه‌وان نموونه‌ی جوانترین و به وه‌فاترین و باشترین هانده‌رانی عێراقن.
سه‌فین ئه‌مین ئه‌ستێره ده‌ركه‌وتووه‌كه‌ی راپه‌ڕین پێیوایه زیاتر له قه‌زا و شاره‌دێیه‌كان پشتگیری یاریزانه‌كان ده‌كرێت، ده‌شڵێت: نایشارمه‌وه هانده‌رانی زاخۆ و هه‌ولێر، زۆر سه‌رنجیان راكێشاوم، پێشتر له زاخۆ بوومه و ده‌زانم هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه چه‌ند سه‌رنجراكێشن و به‌رده‌وام پاڵپشتی یاریزانه‌كان ده‌كه‌ن. له چه‌ند یارییه‌كیش له یارییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر ئاماده‌بوومه و زۆر سه‌رسامم به هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه‌ش.
"دوو هۆكار وایكردووه رانیه راست نه‌بێته‌وه"
سه‌فین ئه‌مین سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی له یانه‌ی رانیه بووه، له‌باره‌ی دۆخی ناسه‌قامگیری یانه‌ی رانیه پێیوایه دوو هۆكار وایكردووه یانه‌ی رانیه ڕاسته‌ڕێ نه‌بێت.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: یه‌كه‌میان هۆكاری سیاسی له‌پشته، دووه‌میان نه‌بوونی پاڵپشتی دارایی، چونكه ئه‌گه‌ر بته‌وێت ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كان بكه‌یت و ئامانجی گه‌وره‌ت هه‌بێت، پێویستیت به ژێرخانێكی ئابووری به‌هێزه، بۆیه له‌به‌ر ئه‌م دوو هۆكاره دۆخی ناسه‌قامگیری رانییه به‌رده‌وامه.
سه‌فین ئه‌مین هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی جدی له یانه‌ی رانیه بدرێته‌وه، دڵنیایه ئه‌و یانه‌یه بۆ وه‌رزی داهاتوو له خولی نایابی كوردستان نابێته نێچیرێكی ئاسان بۆ هیچ یانه‌یه‌ك، ده‌شڵێت: پێشتر ئه‌و یانانه‌ی سه‌ردانی رانییه‌یان كردووه ده‌زانن یاریكردن به‌رامبه‌ر ئه‌و یانه‌یه چه‌ند سه‌خته، به ده‌گمه‌ن توانیویانه 3 خاڵی یارییه‌كه له نێو جه‌رگه‌ی رانیه له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌نه‌وه.
ته‌نیا له یه‌ك بڕیاری ژیانی په‌شیمانه
سه‌فین ئه‌مین ئاشكرای ده‌كات له ژیانی خۆی دا ته‌نیا له یه‌ك بڕیار په‌شیمانه، ئه‌ویش بڕیاری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی بووه له یانه‌ی ته‌ڵه‌به، ئه‌گه‌رچی بڕیاره‌كه ناچاری بووه و هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌بووه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌فین گوتی: دڵنیابووم ئه‌گه‌ر یارییم بۆ ته‌ڵه‌به كردبا ده‌گه‌یشتمه هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یان ئۆڵمپی عێراق.
ئه‌و به‌رگریكاره‌ی سه‌فین ئه‌مین و كریستیانۆ رۆناڵدۆی راگرت
له وڵامێكی دیكه‌ی كوردستان24، سه‌فین ئه‌مین قورسترین به‌رگریكار ده‌ستنیشان ده‌كات كه رووبه‌ڕووبووه‌ته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: سه‌عد ناتق به‌رگریكاری پێشووی یانه‌ی شوڕته كه ئێستا له خولی سعوودیه یاریی ده‌كات رووبه‌ڕووی كریستیانۆش بووه‌ته‌وه، ئه‌و یاریزانه له نێو یاریگه سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێز بوو، تێپه‌ڕبوونی زۆر ئه‌سته‌م بوو، له دوای ئه‌ویش دیار یاخی به‌رگریكاری یانه‌ی نه‌ورۆز زه‌حمه‌ترین یاریزان بووه كه به‌ره‌نگاری بوومه‌ته‌وه.
به چوار یاریزانی كورد سه‌رسامه
سه‌فین ئه‌مین له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند له رابردوو زۆر به هاوار مه‌لامحه‌مه‌د سه‌رسامبووه، ده‌شڵێت: ئێستا شێركۆ كه‌ریم به پێشه‌وای خۆم ده‌زانم و پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی تۆپی پێی عێراق و كوردستان نه‌خشاندووه، جگه له‌وه‌ش ئاسۆ رۆسته‌م و دیار یاخی دوو باشترین یاریزانی دیكه‌ی كوردن له‌م سه‌رده‌مه.
سه‌فین ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی جیهان به فلیپی كۆتینیۆی به‌رازیلی سه‌رسامه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌رچی كۆتینیۆ ته‌مه‌نی ئاستبه‌رزی زۆر كورت بوو، به‌ڵام زۆر پێی سه‌رسامم و هه‌ست ده‌كه‌م ستایلی یاریكردنم له‌و یاریزانه نزیكه و ئێستاش زۆر كه‌س له رانیه نازناوی كۆتینیۆیان پێبه‌خشیوم.
دوو سه‌ربازی ونی پشت سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئاشكرا ده‌كات
سه‌فین ئه‌مین ئاماژه به ناوی دوو كه‌س ده‌كات كه هه‌میشه خۆی به قه‌رزاریان ده‌زانێت، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: من دایك و باوكی خۆم هه‌یه، ئه‌وان پشتگیری منیان كردووه، به‌ڵام وه‌رزشوان نین، له‌م نێوه‌نده‌دا دوو كه‌سایه‌تی وه‌رزشی له رانیه وه‌كو سێبه‌ریك به‌سه‌رمه‌وه پارێزگاریم لێ ده‌كه‌ن، به‌ختم هه‌یه و دڵخۆشم جگه له دایك و باوكی راسته‌قینه‌م، دایك و باوكێكی دیكه‌م هه‌یه ئه‌وانیش ئازاد چنارنه‌یی و شانازی خێزانییه‌تی.
ئه‌ستێره‌كه‌ی سنووری راپه‌ڕین گوتیشی: له ته‌مه‌نی 13 ساڵییه‌وه ئه‌م دوو هاوسه‌ره كه سه‌رپه‌رشتیاری فێرگه‌ی تۆپی پێی رانیه‌ن رۆڵی كاریگه‌ریان له پێگه‌یاندنی مندا هه‌بووه، له هه‌موو وێستگه‌كانی وه‌رزشیم پشتگیریان كردوومه و بۆ هه‌میشه له‌بیریان ناكه‌م.