بایدن بەڕێوەبەری سی ئای ئەی کردە ئەندامی کابینەی حکومەتەکەی

ویلیام (بیل) بێرنس، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا
ویلیام (بیل) بێرنس، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا  ویلیام (بیل) بێرنس-ی، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی وڵاتەکەی وەک ئەندامی کابینەی حکومەتەکەی دامەزراند.

لەو بارەیەوە، بایدن لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بابەتەکە رایگەیاند: "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی بانگهێشتی بێرنس بۆ خزمەتکردن وەک ئەندامێکی کابینەی حکومەت".

بایدن باسی لە هاوکاری بێرنس کرد لە هەواڵگریی ئەمەریکا و ستایشی کارەکانی کرد و، رایگەیاند: "سی ئای ئەی بە سەرۆکایەتی ئەو هەر لە هێرسی شەڕانگێزی بێ بەزەیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا هەتا بەڕێوەبردنی رکابەری لەگەڵ چین بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە و تاوتوێکردنی ئەو مەترسی و دەرفەتانەی تەکنەلۆجیای نوێی هێناویەتە ئاراوە، هەڵوێستێکی دروست و بەجێ و درێژخایەن دەگرێتەبەر بۆ گرنگترین پرسەکانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان".

لە بەرامبەردا بێرنس ئاماژەی بەوە کرد لێدوانەکەی بایدن دەرخەی بەرزنرخاندنی هاوکارییەکانی سی ئای ئەیە لە ئاسایشی نیشتمانییدا و رەنگدانەوەی متمانەی خۆیەتی بە کارەکانی دەزگاکە.

گوتیشی: "شەرەفمەندم بە خزمەتکردن لەم ئەرکەدا کە نوێنەرایەتی کارە گەورەکانی ئەفسەرانی هەواڵگرییمان دەکات. شانازییە کە شانبەشانی هاوکارانمان لە دەزگای هەواڵگریی لە ژێر سەرکردایەتی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانیی ئەڤریل هاینس خزمەت بکەین".

هەرچەندە بڕیارەکەی بایدن بۆ دانانی بێرنس لە کابینەکەیدا سمبولیە، بەڵام ئاماژەیەکە بۆ گرنگی رۆڵی ناوبراو لە ئیدارەدانی سەرۆکی سی ئای ئەیدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سەرۆکی هەواڵگریی نیشتمانیی و سەرۆکی سی ئای ئەی کردبووە ئەندامی کابینەکەی.