شانەی راگەیاندنی ئەمنی بۆ خۆپیشاندەران: نزیکی باڵیۆزخانەکان نەبنەوە

هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە بەغدا - وێنە: AFP
هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە بەغدا - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە پەیامێکدا داوا لە خۆپیشاندەران دەکات، ئارامی و ئاسایشی خۆپیشاندانەکانیان بپارێزن و نزیکی باڵیۆزخانەکان و دامودەزگا حکومییەکانیان نەکەون و بەپێی دەستووریش، مافی خۆپیشاندان پارێزراوە دەبێت پێشتر مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت.

رۆژی شەممە (22ـی تەمموزی 2023) شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و رایگەیاندووە، هەموو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان پشتیوانی لە داواکاری خۆپیشاندەران دەکەن بۆ رەتکردنەوەی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان و ئاڵای عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت دەکاتەوە.

هەروەها شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوا لە خۆپیشاندەران دەکات پابەندن بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و وەرگرتنی رەزامەندی پێشتر بە مەبەستی پاراستنی خۆپیشاندەران و رێکخستنی پرۆسەی هاتووچۆی هاووڵاتییان.

هاوکات داواش لە خۆپیشاندەران دەکات ئارامی بپارێزن و بە ژیرییەوە مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بکەن بۆ دوورکەوتنە لە توندوتیژی.

لە پەیامەکەدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەخت لە پاراستنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت و داواش لە خۆپیشاندەران دەکات لە باڵەخانەکانیان نزیک نەبنەوە کە لەژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکاندایە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزە ئەمنییەکان هەموو هەنگاوێکی یاسایی دەگرنەبەر لە بەرامبەر هەر کەسێک هەوڵی دەستدرێژیکردن و دروستکردنی پەشێوی بدات".

ئەم پەیامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دوای ئەوە هات، کە درەنگانی شەوی رابردوو، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کە خۆیان وەک لایەنگرانی رەوتی سەدر ناساندبوو، هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارکیاندا لە ناوچەی سەوز و لەسەر پردی کۆماری رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە. پێشتریش، خۆپیشاندەران هێرشیان کردبووە سەر باڵیۆزخانەی سوید و بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دووبارە رێگەپێدان بە سەلوان مۆمیکا بۆ سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغدا سووتاند.