خه‌زعه‌لی: پێویسته‌ له‌ هەر رەفتارێک  دووربكه‌وینه‌وه‌ کە عێراق وەک دەوڵەت لاواز ده‌كات

قه‌یس خه‌زعه‌لی
قه‌یس خه‌زعه‌لی

K24 - هەولێر:

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلولحەق، رایده‌گه‌یه‌نێت،‌ پێویسته‌ له‌ هەر رەفتارێک  دووربكه‌وینه‌وه‌، کە عێراق وەک دەوڵەت لاواز ده‌كات. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، رەنگدانەوەی نزمی ئاکاری کەسەکەیە.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلولحەق لە میانه‌ی گوتارێكدا ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 22ـی ته‌مموزی 2023) رایگەیاند، هەڵوێستی حکومەت و گەلی عێراق بەهۆی  هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی حکومەتی سویدەوە، رەنگدانەوەی ئاستی رۆشنبیریی گەلی عێراقە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی دڵسۆزانەی کاردانەوەی عێراقییەکان دەکەم، بە سەرجەم ئایین و نەتەوەکانییەوە.

گوتیشی: "خۆپیشاندانەکان رەنگدانەوەی تێگەیشتن و پێشکەوتنی گەلی عێراقە، هەروەک عێراق دەستیکردووە بە ڕۆڵی خۆی لە پرسە سەرەکییەکانی ناوچەکەدا".

ئەوەشیخستەروو، سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق رەنگدانەوەی ئاستی کردەوەی نزمی کەسەکەیە .

خەزعەلی دووپاتیکردەوە، ئەرکی دەوڵەت و حکومەت پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانە، جەختی لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە هەر رەفتارێک کردەوە، کە عێراق وەک دەوڵەت لاواز ده‌کات.

روونیشیکردەوە، بەرگریکردن لە قورئانی پیرۆز، ئەرکی هەموو موسڵمانانە، نەک تەنها عێراق.

دوێنێ ئه‌ندامانی گرووپێكی توندڕه‌و "دانسكێ پاتریۆته‌ر-نیشتمانپه‌روه‌ره‌ دانیماركییه‌كان"، له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ كۆپنهاگن، كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆزیان سووتاند، بووه‌ هۆی دروستكردنی ناڕه‌زایی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئیسلامییه‌وه‌.

پێشتریش (سه‌لوان مۆمیكا) هه‌مان ئەو کەسەی کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ستۆكهۆڵم سووتاند، دووبارە ئەو کارە ئەنجام دایه‌وه‌.