سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سێ ئەمبوڵانسی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی کفری دابینکرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سێ ئەمبوڵانسی بۆ نەخۆشخانەی کفری دابینکرد | وێنە: ئارام بەختیار - کوردستان24
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سێ ئەمبوڵانسی بۆ نەخۆشخانەی کفری دابینکرد | وێنە: ئارام بەختیار - کوردستان24

K24 - هەولێر

بە فەرمان و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سێ ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری دابینکران. بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێش و گرفتییە تەندروستییەکانی ئەو شارە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23ـی تەممووزی 2023، دکتۆر موعاف کەریم، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، لەسەر راسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێ ئەمبۆڵانس رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان کران بۆ ئەوەی دواتر بە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری بدرێن.

بەگوتەی دکتۆر موعاف کەریم، سەرەڕای رادەستکردنی ئەو سێ ئەمبۆڵانسە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی دکتۆر سامان محەممەد خورشید، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی پێکهێندراوە بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کفری.

لای خۆیەوە دکتۆر سامان محەممەد خورشید، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لیژنەیەی پێکهێندراوە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی کفری دەکات. گوتیشی، "بەدواداچوون بۆ کەموکورتی و شێوازی دەوامکردنی پزیشکانی نەخۆشخانەی کفری دەکەین، رێکی دەخەینەوە و ژمارەی پزیشکانیش زیاددەکەین."

بەڕێوەبەرەی دیوانی وەزارەتی تەندروستی هەر لەبارەی دەوامکردنی پزیشکانی نەخۆشخانەی کفری، راشیگەیاند، "هەوڵدەدەین وایان لێ بکەین بە گروتینێکی تازەوە بێنە دەوامی خۆیان بۆ ئەوەی لەمەوبەدوا خەڵک ناچار نەبێت لە کفرییەوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، کەلار یان شوێنەکانی دیکە بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرێت."

وەکو ئەوەی  دکتۆر سامان محەممەد باسی کرد، کاردەکەن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ناو نەخۆشخانەکان، کەمی دەرمان و بنکە تەندروستییەکانی دەوروبەری قەزای کفری و هەمووی دەکەنە راپۆرتێک و رادەستی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کاری لەسەر بکرێت و کێشەکان چارەسەربکرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر سامان محەممەد ئەوەی خستەڕوو، کێشەیەکی سەرەکی لە نەخۆشخانەی گشتیی کفری نەبوونی پزیشکی بێهۆشکار بووە و توانیویانە دوو پزیکشی بێهۆشکار بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین بکەن و بەمزووانە لە نەخۆشخانەکە دەستبەکاردەبن.

دوای رادەستکردنی ئەمبوڵانسەکان، شاندەکەی وەزارەتی تەندروستی سەردانی مانگرتووانی کفری کرد. لەوبارەوە دکتۆر سامان محەممەد گوتی، مانگرتووان نووسراوێکیان پێ داون، تێیدا داوای چارەسەرکردنی کێش و گرفتە تەندروستییەکان دەکەن، بەتایبەت دابیکردنی پزیشکی بێهۆشکار بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی و کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەکەن.

مامۆستا عوسمان، کە یەکێکە لە مانگرتووانی کفری، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، زۆر خۆشحاڵن کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سێ ئەمبوڵانسی بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی دابینکردووە و هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، هەندێک داواکاریی دیکەشیان هەن، ئاراستەی شاندەکەی وەزارەتی تەندروستیی کردوون و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێ دراون.

رۆژی سێشەممە 18ـی تەمموزی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستانی بۆ خەڵکی کفری ئاشکراکرد و سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیشی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێرییەکانی خەڵکی ئەو قەزایە.

لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییە تەندروستییەکانی خەڵکی کفری، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دابوو، لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی پێکدەهێندێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کفری و چارەسەرکردنی کەموڕییەکانی ناوچەکە لە رووی تەندروستییەوە.

رۆژی یەکشەممە 16ـی تەمموزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و  بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە ‎ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.