زێلێنسکی بەڵێن دەدات تۆڵەی هێرشەکەی ئۆدێسا بکاتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنی دا، وەڵامی هێرشەکەی مۆسکۆ بداتەوە کەشەوی رابردوو بەمووشەک هێرشی کردە سەر بەندەری ئۆدێسا، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێکی سڤیل و برینداربوونی 19 کەسی دیکە، هەروەها زیان گەیاندنی بە کڵێساییەکی ئەرتۆدۆکسییەکان.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، بەکارهێنانی مووشەک دژی کەسانی سڤیل و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و کڵێسا لەلایەن رووسیاوە، بەدڵنیاییەوە وەڵاممان دەبێت دژی رووسەکان.
ئیدارەی هەرێمی ئۆدێسا رایگەیاند، لە هێرشەکەی رووسیا بەسەر بەندەری ئۆدێسا کەسێکی سڤیل کوژرا و 19 ی دیکەش برینداربوون، کە چوار لەبریندارەکان منداڵن.
راشیگەیاند، سیستەمی بەرگری ئۆکرانیا لەکۆی 19 مووشەکی جۆراوجۆر، نۆ مووشەکان خستووەتە خوارەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، مووشەکەکان لە جۆری، ئەسکەندەر، ئۆنێکس و کالیبەر بوون.
شەوی رابردوو، هێزەکانی رووسیا بە مووشەک هێرشیان کردە سەر بەندەری ئۆدێسا کە دەکەویتە سەر دەریای رەش، بەو هۆیەوە کەسێک کوژرا و 19ی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانی زۆریش بەر کڵیسا و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان کەوت.