خەرجی چارەگی یەکەمی ئەمساڵی گەشتیارانی ناوخۆی تورکیا نزیکەی 12 ملیار لیرە بووە

K24 - هەولێر

لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا خەرجی گەشتیارانی ناوخۆ بۆ گەشتوگوزار 12 ملیار لیرە بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 97.9% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 11 ملیار و 984 هەزار و 662 لیرە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی مانگی 1ی ئازاری ئەمساڵدا هەشت ملیۆن و 601 هەزار کەسی نیشتەجێی تورکیا گەشتی ناوخۆی  وڵاتەکەیان کردووە.

لە داتاکانی ئاماری تورکیا ئەوەشخراوەتەڕوو، گەشتیاران بە تێکڕا 7.4 شەو لەو شوێنانەدا ماونەتەوە کە سەردانیان کردووە.

روونکراوەتەوە، لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، شەش ملیۆن و 643 هەزار کەس سەردانی کەسوکاریان کردووە، خەرجی ئەم گەشتانە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو بە رێژەی لەسەدا 97.9 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 11 ملیار و 984 هەزار و 662 لیرە.

زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 ملیۆن لیرە بۆ گەشتی تەندروستی:

ژمارەی سەردانەکان لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی پێویستی تەندروستییەوە 596 هەزار سەردان بووە. لەو چوارچێوەیەدا یەک ملیار و 427 ملیۆن و 866 هەزار لیرە بۆ گەشت و سەیران خەرجکراوە.

بڕی خەرجی 117 هەزار گەشتی گەشتیارانی ناوخۆ بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێشانگاکان بە 314 ملیۆن و 265 هەزار لیرە تۆمارکراوە. گەشتیارانی ناوخۆ لە 12 هەزار گەشتدا بە مەبەستی رۆشنبیری 19 ملیۆن و 679 هەزار لیرەیان خەرجکردووە..

لەلایەکی دیکەوە کاتێک بڕی ئەو خەرجیانەی گەشتیارانی ناوخۆ پێش گەشتەکە شیدەکەنەوە، خەرجییە کەسییەکانی وەک جلوبەرگ و دەرمان پێویستیە کەسیەکان لە سێ مانگی یەکەمدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 56.2% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 91 هەزار و 513 لیرە.