مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی لەسەر رەخنە دوور دەخرێتەوە
K24 – سلێمانی:
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی لەسەر رەخنە دوور دەخرێتەوە و رایگەیاند، لەبەر ئەوەی یەكێتی نەبووم پارێزگابەدەر كرام.
دكتۆر شازاد جەمال مامۆستا لە كۆلیژی ئەندازیاريی زانكۆی سلێمانی بە هۆی رەخنەگرتنی زانستییەوە، وەك سزا راژەكەی دووردەخرێتەوە و مامۆستایەكی عەرەب دەخرێتە شوێنی، لە كاتێكدا پسپۆڕییەكەی لە عێراقدا دەگمەنە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 1995ـەوە بەبێ دابڕان کە زیاتر لە 27 خزمەتی زانکۆیی هەیە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی، بەهۆی ئەوەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ئەوەی بە راستی زانیوە لەبارەی زانست و خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، بەو هۆیەوە بە نووسراوێکی نهێنی لەلایەن کۆلیژ و زانکۆکەیەوە دوورخراوەتەوە.
لەبارەی دوورخستنەوەی لە کارەکەی، دكتۆر شازاد جەمال گوتیشی، "لە پای ئەو راستبێژییە و لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بە نووسراوێکی نهێنیی، کۆلیژی ئەندازیاریی و زانکۆی سلێمانی ناپێویستیی راژەکەمیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناردووە و مامۆستای عەرەبیان لە بەغدا و زانكۆی ئەهلی هێناوە تا وانەكانی ماستەری پێ بڵێنەوە و بە من دەڵێن پێویستمان بە راژەكەت نییە و بچۆ بۆ هەڵەبجە".
هاوکات دكتۆر شازاد سەرەڕای سووربوونی لە بەردەوامیدان بە كارەكەی لە زانكۆی سلێمانی گوتیشی "من ئێستا تەمەنم 51 ساڵە و پلەی زانستییەكەشم پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە، هی ئەوە نیم تەنیا لەبەر رەخنەگرتن و یەكێتی نەبوون پارێزگابەدەر بكرێم و یەك چالاكوانیش لەسەر ئەو غەدرە نەیێتە دەنگ".
دكتۆر شازاد جەمال روونیکردەوە، پسپۆری دکتۆراکەی لە بواری (Geodesy) و جیۆدێسیی فیزیکیی و مۆدێلکاریی جیۆیدییە لە زانکۆی (UTM)ی مالیزیا كە پسپۆڕییەكی دەگمەنە لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق.
بەپێی ڕوونكردنەوەكانی دكتۆر شازاد، ئەمە جگە لە سزایەكی سیاسی و لەبەر حزبینەبوونی وەك یەكێتی، هیچ شتێكی دیكە نییە و بە هەموو پێوەرەكان بریتییە لە سزای سیاسی و ئیهانەكردن بە مامۆستای زانكۆ لەسەر ئازادی رادەربڕین.