موقتەدا سەدر هێرش دەکاتە سەر ئەمەریکا

موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

K24 – هەولێر:

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا هێرش دەکاتە سەر ئەمەریکا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ئاماژەی بەوەکردووە، هەرچەندە ئەمەریکا بانگەشەی دیموکراسی دەکات، بەڵام جۆ بایدن، هیچ گرنگییەک بە رای خەڵکەکەی خۆی نادات و هاوڕەگەزخوازی بەسەر ئەمەریکادا سەپاندووە.

رۆژی یەکشەممە (23ـی تەمموزی 2023)، موقتەدا سەدر رێبەڕی رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "ئەمەریکا دوژمنی دیموکراسی و ئاشتییە، کەچی سەرەڕای هەموو ئەمانە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق بە ئارەووزی خۆی دێت و دەچێت و رێز و بەها بۆ هیچ کەسێک دانانێت".

هەروەها موقتەدا سەدر باسی لەوەشکردووە، "باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات پارێزەری کەمینە و چەوساوەکانە، بەڵام لە هەمان کاتدا، پشتگیری سووتاندنی کتێبە ئاسمانییەکان و بریندارکردنی هەست و سۆزی موسڵمانان دەکات، ئەمەریکا دەیەوێت عێراقیش بکاتە باشکۆی خۆی و ببێتە وڵاتێکی هاوڕەگەزخواز".

ئەم هەڵوێستەی سەدر دوای ئەو رەخنانە دێت کە ئاراستەی رەوتەکەی دەکرێت بەهۆی پەلاماردانی باڵەخانەی نێردە دیپلۆماسییەکان، دوای ئەوەی درەنگانی شەوی (21ـی تەمموزی 2023)، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کە خۆیان وەک لایەنگرانی رەوتی سەدر ناساندبوو، هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارکیاندا لە ناوچەی سەوز و لەسەر پردی کۆماری رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە. پێشتریش، خۆپیشاندەران هێرشیان کردبووە سەر باڵیۆزخانەی سوید و بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دووبارە رێگەپێدان بە سەلوان مۆمیکا بۆ سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغدا سووتاند.