سەرۆکی بێلارووس: سەربازانی گروپی ڤاگنەر دەیانەوێت بچنە پۆڵەندا

سەربازانی ڤاگنەر
سەربازانی ڤاگنەر

K24 - هەولێر

سەرۆکی بێلارووس رایگەیاند، سەربازانی ڤاگنەر دەیانەوێت سەردانی پۆڵەندا بکەن، بەڵام ئەو رێگری کردووە لەوەی ئەو کارە بکەن، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی پەردەپۆشکراوە بۆ سەر پۆڵەندا، بەڵام گوتی: "ئێمە کۆنتڕۆڵی ئەو شتانە دەکەین کە دەگوزەرێت لەگەڵ ڤاگنەر، ئەوان باری دەروونییان خراپە".

ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس گوتی: ئەندامانی گروپی ڤاگنەر داوای ئەوە دەکەن روو لە رۆژئاوا بکەن، داوای مۆڵەتم لێدەکەن کە بچنە وارشۆ و جیشوف لە پۆڵەندا"، بەڵام بێگومان لە ناوەڕاستی بیلاڕووسدا دەیانهێڵمەوە، وەک ئەوەی لەسەری رێککەوتبووین.

لۆکاشینکۆ ئەم قسانەی لە میانی پێشوازیی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە سانت پترسبۆرگ کرد، کە تیایدا زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانە لەسەر رووخساری پوتن بینرا.

دوای کۆبوونەوەکە، پوتن و لۆکاشینکۆ لە شارۆچکەی کرۆنستاد لە نزیک شاری سانت پترسبۆرگ کە بنکەیەکی هێزی دەریایی لەخۆدەگرێت، سڵاویان لە جەماوەر کرد، لوکاشینکۆ وارشۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵدەدات دەست بەسەر خاکی رۆژئاوای ئۆکرانیادا بگرێت و بیخاتە پاڵ پۆڵەندا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دیمیترۆ کولێبا وەڵامی دایەوە و هەوڵە بێهودەکانی بۆ ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کیێڤ و وارشۆ ئیدانە کرد.

ناوبراو لە تویتێکدا نووسیویەتی، بە پێچەوانەی رووسیا، پۆڵەندا و ئۆکرانیا وانەیان لە مێژوو وەرگرتووە و لە بەرامبەر ئیمپریالیزمی رووسیا و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە یەکگرتوویی دەمێننەوە.