رووسیا کۆگایەکی دانەوێڵەی لە ئۆکرانیا لەناوبرد

لە ناوبردنی کۆگای دانەوێڵە لە ئۆدێسا
لە ناوبردنی کۆگای دانەوێڵە لە ئۆدێسا

K24 - هەولێر

سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای رووسیا دامەزراوەیەکی بەندەری لە ناوچەی ئۆدێسا لە باشووری ئۆکرانیا کردە ئامانج، کە بووە هۆی وێرانکردنی کۆگایەکی دانەوێڵە، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی بۆردومانکردن لە ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، ، سوپای رووسیا هێرشێکی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی بەندەری لەناوچەی ئۆدێسا، کە بووەتە هۆی لەناوچوونی کۆگایەکی دانەوێڵە و زیانگەیاندن بە کۆگاکانی هەڵگرتن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەناوبردووە، بەڵام رووسیا بەردەوامە لە تیرۆرکردنی ئۆدێسا"، هەروەها بەگوێرەی زانییارییە سەرەتاییەکان، نزیکەی چوار کەس لەو هێرشەدا بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیایەوە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، شوێنەواری تەقەمەنییان لەناو کەشتییەکدا دۆزیوەتەوە کە لە تورکیاوە بۆ بەندەری رۆستۆڤ جولەی کردووە، بۆ بارکردنی دانەوێڵە.

ئاژانسەکە دەشڵێت: کەشتییەکە لە مانگی ئایاردا لە بەندەری کیلیای ئۆکرانیا جێگیر بووە و رەنگە بۆ گەیاندنی تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا بەکارهاتبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، هێزەکانی رووسیا بە مووشەک هێرشیان کردە سەر بەندەری ئۆدێسا کە دەکەویتە سەر دەریای رەش، بەو هۆیەوە کەسێک کوژرا و 19ی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانی زۆریش بەر کڵیسا و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان کەوت.