دەستەی مافی مرۆڤ: هەوڵدەدرێت گومان بخرێتە سەر بڕیاری دادگاکانی هەرێمی کوردستان

چەکوشی دادگاکان
چەکوشی دادگاکان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی مافی مرۆڤ پێیوایە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ بەرێلابردنی رای گشتی و "بۆ ئەوەی گومان بخرێتە سەر بڕیارەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان". جەختیش لەوە دەکاتەوە، پاڵپشتیی لە سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تا ئەمڕۆش هەر بڕیارێک لەلایەن دادگاکانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووبێت، ئێمە وەکو دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، پشتگیریمان کردووە و لاریمان لەسەر بڕیارەکان نەبووە. هاوکات پشتیوانی ئەو داوایە دەکەین، کە دەستوەردان لە کاروباری دادگاکانی هەرێمی کوردستان نەکرێت".

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی مافی مرۆڤ باسی دەکات، لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ بەرێلابردنی رای گشتی و  "بۆ ئەوەی گومان بخرێتە سەر بڕیارەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان"  و ئەمەشی بە "پێشێلکاری" لە دژی دادگاکانی هەرێمی کوردستان ناوبرد.

سلێمان موحسین سندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئیشی دەستەی مافی مرۆڤ "چاودێریکردنە" و، وەکو خۆی باسی کرد، دەستەکە هەمیشە پاڵپشتیی لە "سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەرکاتێک تێبینیان لەسەر بڕیارێکی دادگا یان پرسێکی تایبەت بە ئیشی دادوەری هەبووبێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لەو سەرنج و تێبینانە ئاگادارکردووەتەوە.

رۆژی هەینی 21ی تەمموزی 2023، رێکخراوی کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان CPJ راپۆرتێکی لەبارەی دادگاییکردنی رۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) بڵاوکردەوە و  لە راپۆرتەکەدا تۆمەت ئاراستەى هەرێمی کوردستان کرا لەسەر ڕێکارە یاساییەکان و پڕۆسەی دادگایی کردنی ئەو رۆژنامەنووسە.

سلێمان موحسین سندی جەخت لەوە دەکاتەوە، رێز لە کاری رێکخراوەکان دەگرن و یەکێک لە کارەکانی دەستەی مافی مرۆڤ، پاڵپشتیکردنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کاری رۆژنامەوانییە، هاوکات وەکو خۆی دەڵێت "بەشێک لەو زانیارییانەی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوەکانەوە بڵاودەکرێنەوە راستن، بەڵام هاوکات بەشێکی زۆریان سەرچاوەکانیان متمانەپێکراو نین و هەڵەن. رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هێندە خراپ نییە وەکو ئەوەی رێکخراوەکان باسی دەکەن".

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی مافی مرۆڤ داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، ئەگەر بیانەوێت راپۆرتێکی ورد و پڕ زانیاری لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەڕبرین لە هەرێمی کوردستان ئامادەبکەن و بڵاویبکەنەوە، با رای دەستەی مافی مرۆڤ وەربگرن یان پشت بەو راپۆرتانە ببستن کە دەستەکە ساڵانە لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەڕبرین لە هەرێمی کوردستان بڵاویان دەکاتەوە.

سلێمان موحسین سندی دووپاتیدەکاتەوە، هیوایەکی باشیان هەیە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەن و راشیدەگەیەنێت، لە ماوەی رابردوودا کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان بە کارکردن لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ، زۆر هەوڵی بۆ ئەو کارە داوە.

دوێنێ یەکشەممە 23ـی تەممووزی 2023، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی پڕۆسەى بەڕیوەچوونى دادگایی کردنی کەیسێک لە دادگاى تاوانى سێى هەولێر و و راپۆرتێکی رێکخراوی کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان (CPJ) کە تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کردبوو، ناوەڕۆکی پرۆسەی دادگاییکردن و سزادانی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئاشکراکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە درابوو، "لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر نوێنەری یۆنامی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داواکاری گشتی و چەند پارێزەرێکی (شێروان شێروانی) ئامادە بوون، بەپێی مادده (289-298 ) لە یاسای سزای عێراقی ژمارە ( 111 )ی ساڵی ( 1969 )ی هەموار کراو وتە (شێروان ئەمین نعو ناسراو بە شێروان شێروانی) وەرگیراوە. هەروەها بە پشتبەستن بە هەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسیەکە رەوانەی دادگای تاوانی سێى هەولێر کراوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان تۆمەتی تەزویرکردن و بەکارهێنانی دەقی تەزویر کراو ئاڕاستەی گومانلێکراو (شێروان شێروانی) کرا."