نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: شێروان شێروانی لەناو زینداندا واژۆ و پەنجەمۆری هاوڕێکانی تەزویر کردووە

دادگای هەولێر
دادگای هەولێر

K24 – هەولێر:

لە روونکردنەوەیەکدا نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆسەى بەڕیوەچوونى دادگایی کردنی کەیسێک لە دادگاى تاوانى سێى هەولێر و و راپۆرتێکی رێکخراوی کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان (CPJ) کە تۆمەت ئاراستەی هەرێم دەکات، ناوەڕۆکی پرۆسەی دادگاییکردن و سزادانی شێروان شێروانی رووندەکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە (23ـی تەمموزی 2023) نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دواى ئەوەى هەریەکە لە سزادراوان (ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محمد، شێروان ئەمین نعو، شڤان سعید عمر، گوهدار محمدامین) داواکارییەکیان پێشکەش کرد بۆ پێدانى ئازادکردنى بە مەرج (افراج شرطى) لەدواى داواکارییەکەیان دەست بە ڕێکارەکان کرا بۆ پێدانى ئازادبوونى بەمەرج، دواتر سزادراو شێروان امین نعو داواکارییەکى پێشکەشى توێژەرى کۆمەڵایەتى کرد بەناوى پێنج سزادراو بەمەبەستى راگرتنى ئازاد کردنی بە مەرج (افراج شرطى) کە پێشتر سزادراوەکان داوایان کردبوو وە بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەمۆریان کردووە".

هەروەها لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "توێژەرى کۆمەڵایەتى داواکارییەکەى بەرزکردەوە بۆ بەڕێوەبەرى چاکسازى گەوران، لەلاى خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران ئەم داواکارییەى ناوبراوى ئاراستەى بەشى یاسا و داواکارى گشتى لە چاکسازییەکەى کرد سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەیان لە داواکردنى ئازادبوونى بەمەرج، هەردوو سزادراو (شڤان سعید عمر و گوهدار محمد امین) بێ ئاگایی خۆیان لەو داواکاری پەنجەمۆر راگەیاندووە واتە کەسی تر لەجیاتی ئەوان پەنجەمۆریان کردووە، بۆیە چاکسازی گەورانی هەولێر داوای کردووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە".

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەشکردووە، دوای وردبینی لە کەیسەکە داواکاری گشتی بەپێی بەرپرسیاریەتی و ئەرکی خۆی لە پاراستنی مافی گشتی رێکاری یاسایی ئەنجامداوە بەرامبەر ئەو کەسەی بەم کارە هەستاوە و داوای جوڵاندنی کەیسەکەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە.

هاوکات جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر نوێنەری یۆنامی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داواکاری گشتی و چەند پارێزەرێکی (شێروان شێروانی) ئامادە بوون، بەپێی مادده (289-298 ) لە یاسای سزای عێراقی ژمارە ( 111 )ی ساڵی ( 1969 )ی هەموار کراو وتە (شێروان ئەمین نعو ناسراو بە شێروان شێروانی) وەرگیراوە.

هەروەها بە پشتبەستن بە هەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسیەکە رەوانەی دادگای تاوانی سێى هەولێر کراوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان تۆمەتی تەزویرکردن و بەکارهێنانی دەقی تەزویر کراو ئاڕاستەی گومانلێکراو (شێروان شێروانی) کرا.

دواتر دادگا گوێبیستی داواکاری و خواستی داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی سێى هەولێر بوو و داوکرا کە پاڵپشت بە ماددە ( 142 ) لە یاسای سزاکان وەسفی تاوانەکە لە ( 298/289 ) بکرێتە ( 298/265 )ی یاسای سزاکان و تۆمەتی ئاڕاستە کراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەی تاوان سەلماندوویەتی کە داواکاری پەشیمان بوونەوە بە دەستوخەتی (شێروان شێروانی) نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گوهدار محمد امین) کردووە واتە نووسراوی ئاسایی (محرر عادی) تەزویر کردووە و بەکاریشی هێناوە کەواتە تاوانی ئەنجامداوە و لە قۆناغی دادگایی کردنیش سەلمێندراوە، واتە (دليل و قرينە) هەیە و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت.

پڕۆسەی دادگایی کردنەکە لە (20ی تەمموزی 2023) بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بە سزادانی (شێروان شێروان) بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی (295) لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (تزویر المحررات العادیە)، هەروەها بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی (298) لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (استعمال محرر مزور) سزادرا، واتە کۆی گشتی سزاکە چوار ساڵە و بڕیارەکەش لە روو ئاشکرا دەرچووە و قابیلی پێداچوونەوەیە.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاندووە، بەپێی یاسا و بنەماکانی دادگای سزایی بریکاری لە نێوان سزادراوەکان و پەنجەمۆر کردن، یان واژووکردنی هەر داواکارییەکی کەسێک لە جیاتی کەسێکیتر و پێشکەش کردنی ئەو داواکاریانە رێگا پێدراو نییە و دژ بە یاسایە.