لە دانیمارک جارێکی دیکە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز دەسووتێندرێت و عێراقیش ئیدانەی دەکات

وێنەی ئەو کەسەی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی سووتاند لە دانیمارک
وێنەی ئەو کەسەی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی سووتاند لە دانیمارک

K24 – هەولێر:

دوای دووبارەکردنەوەی سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکات و داواش لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات پەلە بکەن لە رێگریکردن لەو بێڕێزیکردنانە لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتانی ئەوروپا.

رۆژی دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023) چەند کەسێک لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک، هەستان بە سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و بێڕێزیکردن بە ئاڵای عێراق، کە ئەمە جاری دووەمە لەو وڵاتە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا ئەم کارە دووبارە دەکرێتەوە.

سەردانی تەلەگرامی کوردستان24 بکە بۆ بینینی ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک روویدا.

دوای ئەوەش، لە راگەیەنداوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو جۆرە کردەوانە توندڕەوی و رق و کینە زیاد دەکات و دەبێتە هەڕەشە لە بەردەم پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگەکان.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردووە، پێداچوونەوەی خێرا بکەن بەوەی "ناویان لێناوە ئازادی رادەربڕین و مافی خۆپیشاندن" و دەبێت هەڵوێستی راشکاویان هەبێت بۆ رێگریکردن لەو بێڕێزیانە لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە وڵاتانی ئەوروپا.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونیکردووەتەوە، بێدەنگی و ئەنجامنەدانی رێکاری ئاشکرا بۆ رێگریکردن و لێپرسینەوەی یاسایی لەو جۆرە کردەوانە، رێگەخۆشکەرە بۆ پەرەسەندنی ئەو رەفتارە مەترسیدارانە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا، هەڵوێستی بەغدای دووپاتکردەوە کە داوا دەکات بە بڕیاری نێودەوڵەتی ئەو جۆرە کردەوانە قەدەغەبکرێت و رێز لە سیمبوڵە ئایینی و کتێبە پیرۆزەکان بگیرێت.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023)، ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئاشکرایکرد، ماوه‌ی دوو رۆژه‌ تیمه‌ دیپلۆماسیی وڵاتی دانیمارک به‌غدایان جێهێشتووه‌، و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵەخانەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان ئەرکی حکومەتی عێراقە و ئەوەی بەرامبەر بە باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کرا، رێگە نادەن دووبارە ببێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، ئەندامانی گرووپێکی نەتەوەیی توندڕەو لە دانیمارک بە ناوی “Danske Patrioter” (نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی)" لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن، کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزیان سووتاند.

دوای ئەو رووداوەش درەنگانی شەوی (21ـی تەمموزی 2023)، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کە خۆیان وەک لایەنگرانی رەوتی سەدر ناساندبوو، هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارکیاندا لە ناوچەی سەوز و لەسەر پردی کۆماری رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.

هەروەها رۆژی (22ـی تەمموزی 2023) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی دانیمارك رایگەیاند، "حكومه‌تی دانیمارك سه‌ركۆنه‌ی سووتاندنی قورئانی پیرۆز ده‌كات و سووتاندنی ده‌قه‌ پیرۆزه‌كان و سیمبوله‌ ئایینییه‌كانی دیكه‌، كرده‌وه‌ی شه‌رمهێنن، كه‌ بێڕێزی به‌ ئایینی كه‌سانی دیكه‌ ده‌كه‌ن".

پێشتریش، خۆپیشاندەران هێرشیان کردبووە سەر باڵیۆزخانەی سوید و بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دووبارە رێگەپێدان بە سەلوان مۆمیکا بۆ سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغدا سووتاند.