پێشه‌وا هه‌ورامانی: ئەگەر به‌غدا خەڵكی ھەرێم بە بەشێك لە دەوڵەتی عێراق دەبینێت، دەبێت بودجە بنێرێت

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر حكومەتی عێراق خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەبەشێك لە دەوڵەتی عێراق دەبینێت، دەبێت بودجەی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بنێرێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ پانێڵی ناوه‌ندی باڵای ئاكرێ سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەگەر حكومەتی عێراق خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەبەشێك لە دەوڵەتی ئێراق دەبینێت دەبێت بودجەی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بنێرێت، چونكە ئەوە مافێكی یاسایی و دەستوورییە".

پێشەوا ھەورامانی گوتیشی: "حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ پاساوێكی بۆ حكومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە و دەبێت پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت كە لە نێوان ھەردوولادا ھەیە".

پێشتر ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا دەکات، بۆ ئەوەی ده‌ست به‌ هه‌نگاوه‌ كرده‌ییه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ بكرێت.

گوتبووشی، هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای تێبینییه‌كانی له‌باره‌ی یاسای بوودجه‌، به‌ڵام رێككاری‌ یاساییش له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌گرێته‌به‌ر.

ئومێد سەباح راشیگەیاندبوو، تیمێكی باڵا بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێكهێنراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق تیمێكی باڵای له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی پێكهێناوه‌.

لە 12/7/2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە، کە پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.