عەبدولحەکیم خەسرۆ: ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت

عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، رایدەگەیەنێت، کێشەو  مەترسی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نییە و هەروەها پرسی داهاتە نانەوتییەکان رێگر نییە لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتیشی: ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێک لە پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە نەپچڕاوە و رۆژانە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر لایەنە تەکنیکییەکانی یاسای بودجە، هەروەها کۆمەڵێک لێکتێگەشتن و بابەت هەیە دەبێت یەکلایی ببێتەوە، بە تایبەت  بابەتی تەکنیکی و رێنمایی جیىەجێکردنی یاسای بودجەو.

هەروەها راشیگەیاند، "داوامان کردووە کە دەبێت مووچەخۆری هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق، لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: "گفتوگۆ تەکنییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن".

عەبدولحەکیم خەسرۆ، روونیکردەوە، لەسەر کاری تەکنیکی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، قسەمان کردووە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی سیستەمێکی جێگیر دابنرێت کە رۆژانە تووشی هەرەسی سیاسی و بارودۆخی سیاسی نەبێت، هەروەها ئەم دەستکاریکردنەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجە وایکردوە کە ئێمە پێویستە رێککەوتنی لەسەر بکەین و کاری لەسەر بکەین، هاوکات گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی دارایی و گشت وەزارەتەکانی دیکەی عێراق دەکرێت لەسەر رێنمایی چۆنیەتی خەرجکردنی بودجە.

لەبارەی پرسی نەوت، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "نزیکەی سێ ترلیۆن دینار بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت تەرخانکراوە و رۆژانە هەرێمی کوردتستان 60 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە پاڵاوگەکان، هەروەها پێدانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە پاڵاوگەکان بە گوێرەی داواکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە".

گوتیشی: "لەرووی تەکنیکی، خەرجی و بەرهەمهێنانی نەوت کێشەمان نییە لەگەڵ بەغدا، لەم قۆناغەدا نەوت کێشە نییە لەبەردەم گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەماهەنگی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە".

عەبدولحەکیم خەسرۆ، جەختی لەوەشکردەوە، پرسی داهاتە نانەوتییەکان رێگر نییە لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، هەروەها کێشەو  مەترسی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نییە.

سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێک لە پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، لەگەڵ گەیشتنی ئەم بەشە بودجەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ دەست دەکات بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

پێنجشه‌ممه‌ (20ـی ته‌ممووزی 2023) ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، كاره‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی كۆبوونه‌وه‌كانی شاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه‌ و پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هه‌ر پابه‌ندییه‌ك بكه‌وێته‌ سه‌ری پابه‌ند ده‌بێت، گوتیشی، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتی و تێبینییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ یاسای بوودجه‌، به‌ڵام هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، دەشڵێت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی جێبه‌جێكردووه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌ 26ـی حوه‌زه‌یرانه‌وه‌ ته‌واوی شایسته‌كانی هه‌رێم بنێرێت و هیچ پاساوێكیش بۆ نه‌ناردنی بوودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌.

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کرد و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی لە (26ـی حوزەیرانی 2023)، بە گوێرەی یاساکە لە (1ـی کانوونی دووەمی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد کە (5ـی نیسانی 2023) خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاساکە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.