محەممەد شوکری: پڕۆژه‌ی رووباری زاخۆ چەندین ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ دانرا، لەو بارەیەوە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، به‌ ته‌واوبوونی پڕۆژه‌ی رووباری زاخۆ، ده‌یان ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕه‌خسێنێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023)، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی وتارێکدا رایگەیاند، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی ماسته‌رپلانی وه‌به‌رهێنان له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ كردووه‌ و له‌ داهاتوودا پلانیان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌ ته‌واوی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه‌.

لەبارەی راگەیاندنی، پڕۆژەی رووباری زاخۆ بە ناوی(TOGA PORTO MARINA) بە گووژمەی شەش ملیۆن و 100 هەزار دۆلار، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتی: "به‌ ته‌واوبوونی پڕۆژه‌ی رووباری زاخۆ، ده‌یان ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕه‌خسێنێت".

هاوکات گوتیشی: "لە داهاتوویەکی نزیکیشدا دەستدەکەین بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، لەوێدا چەندین دەرفەت دەبن بۆ دروستکردنی کارگەی گەورە  و لەگەڵ ئەو رێککەوتننامانەی کە کراون لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان سەبارەت بە پرۆژەی کشتوکاڵی و بواری پیشەسازی".

محەممەد شوکری، ئاماژەی بەوەدا، زاخۆیەکی تەواو جیاواز دەبینن، هەروەها باسی لەوەشکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی نیشتەجێبوون لە زاخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشکەوتنی زاخۆ پێشکەوتنی هەموو هەرێمی کوردستانە، بەهۆی ئەوەی هەر ناوچەیەکی کوردستان لە رووی ئابووری پێشبکەوێت، کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەش و ئیدارەی پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆی دیکەش دەبێت، بۆ ئەوەی ئوانیش بتوانن باشتر هەوڵبدەن بەرنامەی حکومەت و کەرتی تایبەت باشتر بەرێوەببەن، هەروەها پرۆژەی باشتر لە هەموو کوردستان جێبەجێ بکەن.