لە رووسیا دەست بە بەکارهێنانی روبڵی دیجیتاڵی دەکرێت

روبڵ
روبڵ

K24 - هەولێر

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا  یاسایەکی پەسەند کرد بۆ کارپێکردنی روبڵی ئەلیکترۆنی و دامەزراندنی پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنی بۆ بەکارهێنانی.

بەپێی ئەو بڕیارنامەیەی لەلایەن پوتنەوە واژووکراوە، لە رووسیا دەست بە بەکارهێنانی روبڵی دیجیتاڵی دەکرێت.

بڕیارنامەکە پێشنیازی بەکارهێنانی روبڵی دیجیتاڵی رووسی دەکات بەشێوەی کاش و ناکاش، هاوکات پێشنیازی بەکارهێنانی بە شێوەی دیجیتاڵیی دەکات و کار لەسەر ئەو پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنیە نوێیە دەکرێت کە دادەمەزرێندرێت بۆ بەکارهێنانی.

لە بڕیارنەمەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو پلاتفۆڕمە لەلایەن بانکی ناوەندی رووسیاوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە ئاڵوگۆڕی روبڵ بەرامبەر دۆلار دوو بۆ سێ هێندە کەمیکردووە. ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی بیانی رووسیایان جێهێشتووە و پارەی هەناردە کە بە دۆلار و یۆرۆ وەردەگیرا لە 87%ـەوە بۆ 48% کەمیکردووە و روبڵ و یوان جێگەیان گرتووەتەوە. ئەمەش لێکەوتەی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایە، کە خەریکە کاریگەرییان لە دوورمەودادا دەردەکەوێت.