بە ئامادەبوونی سەرۆک‌ بارزانی دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن کرایەوە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی تەمووز، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی  دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن کرایەوە، هاوکات یەکەمین کۆڕبەندی پەروەدەییش بەڕێوەدەچێت.

حەسەن سامی بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، 120 دامەزراوە و ناوەندی پەروەردە و فێرکردن بەشدارییان لە دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن کردووە.

دامەزراوە و ناوەندی پەروەردە و فێرکردن کە بەشدارییان لە پێشەنگەکەدا گرتووە، قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆ لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لەخۆ دەگرێت، لە نێویاندا بەشێک لە زانکۆکان لە 11 وڵاتەوە بەشداری پێشانگەکە دەبن، بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ خوێندن و فێربوون لەنێوان ناوەندەکاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، هاوکات لەگەڵ دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەم کۆڕبەندی پەروەردەیی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی پاڵپشتی کردن و پەرەپێدانی زیاترە بە کەرتی پەروەردەیی و فێرکردن.

پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە ئەمڕۆوە تاکو 27ی تەممووز بەردەوام دەبێت.