وەزیری تەندروستی: نەخۆشخانەی گشتیی پیرمام نۆژەندەکەینەوە و فراوانتری دەکەین

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کار بۆ نۆژەنکردنەوە، فراوانترکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی سەردەمیانە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی قەزای پیرمام دەکەن و دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران بودجەیەکی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی تەممووزی 2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری تیمێکی تەندروستیی ئوردنی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی پیرمامی کرد و دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کار بۆ فراوانکردنی نەخۆشخانەکە و کردنەوەی ژمارەیەک سەنتەری نوێ لە نەخۆشخانەکەدا دەکەن.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، نەخۆشخانەکە خزمەتگوزاریی زۆر باشی پزیشکی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات و رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەکەن. ئەوەشی خستەڕوو، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نوێ لە نەخۆشخانەکە، ژمارەیەک پڕۆژە و پلانیان هەیە و لە داهاتوودا ئەنجامیدەدەن.

وەکو ئەوەی سامان بەرزنجی باسی کرد، بەهۆی ئەوەی ئێستا پیرمام لە ناحیەوە بووەتە قەزا، سنوورێکی زیاتر بەخۆیەوە دەگرێت و ژمارەی ئەو نەخۆشانەش کە سەردانی دەکەن، زیادی کردووە، بۆیە پێویستە نەخۆشخانەکە فراوانتر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاریی پزیشکیی زیاتر پێشکەشی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بکات.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاوکات روونیشیکردوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکە، دانانی ئامێری قەستەرەی دڵ، کردنەوەی ژمارەیەک بەشی نوێ و دابینکردنی ژمارەیەک ئامێر و  پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکە تەرخانکردووە.

بوگوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە پلان و بەرنامەیاندا لە ئاییندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک خزمەتگوزاریی پزیشکییی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پیرمام دابین بکەن. هاوکات گوتیشی، لە هەوڵدان بەشی شووشتنی گورچیلەش لە نەخۆشخانەکە بکەنەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناچار نەبن بۆ ئەو مەبەستە بچنە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا، یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەی لە ژمارەیەکی زۆر کەمی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، کە بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی ناو نەخۆشخانە و هاتن و چوونی نەخۆشانە؛ لە نێو نەخۆشخانەی گشتیی پیرمامدا هەیە و ئەمەش وادەکات مافی هاووڵاتییان نەفەوتێت و هەرکەسێک بەپێی ئەو نۆرەی بۆی دەستنیشانکراوە، سەردانی پزیشکان بکات و چارەسەری وەربگرێت.