لوبنان داوای دوو ملیار دۆلار لە کوڕەکەی قەزافی دەکات

هانیباڵ قەزافی
هانیباڵ قەزافی

K24 - هەولێر

هانیباڵ قەزافی کوڕی موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی لوبنان لە بەرامبەر ئازادکردنیدا، ئەو پارەیەی لیبیا کە لەلایەن بانکە لوبنانییەکانەوە بلۆککراوە، کە نزیکەی دوو ملیار دۆلارە دیاریکردووە.

هانیباڵ قەزافی لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ تەلەفزیۆنی ئەلجەدیدی ناردووە، کە تیایدا باس لە بارودۆخی دەستگیرکردنی کردووە لە لوبنان، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بارودۆخی دەستگیرکردنەکەی لە راستیدا بەرجەستەی ئەو نادادپەروەرییەیە کە بەسەرمدا هاتووە و ئاشکرای دەکات، کە سیستەمی گەندەڵی لە لوبنان تێکەڵاو و یەکتربڕاوە لە نێوان سەرکردایەتییە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دادوەری کە ملکەچی رێنمایی بەڕێوەبەرەکانییەتی.

کوڕی سەرۆکی پیشووی لیبیا دەشڵێت: دوای هەشت ساڵ لە دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ لە سووریاوە بۆ لوبنان، لەژێر ئەشکەنجەدان و بەبێ ئەوەی بخرێتە بەردەم هیچ دادگاییکردنێک، ئەمڕۆ بەو پێیەی ئازادییەکەی پەیوەستە بەو پارەیەی لیبیا کە لەلایەن بانکەکانی لوبنانەوە بلۆککراوە، کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار.

گوتیشی، "ئەمە هۆکاری سەرەکییە لە یەکەم رۆژی رفاندنمەوە لە سووریاوە، بەو پێیەی رفێنەرەکان داوای پارەیان کردووە لە بەرامبەر ئازادکردنم و ئەم مەرجەش تا ئەمڕۆش هەر ماوە"، بەردەوامبوونی مانگرتن لە خواردنی پشتڕاستکردەوە و دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی سیاسی بە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستی دەزانێت.

مانگی حوزەیرانی رابردوو، هانیباڵ بۆ نەخۆشخانەیەکی لوبنان گواسترایەوە، دوای ئەوەی مانی لە خواردن گرتبوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زیندانیکردنی لە ساڵی 2015ەوە بەبێ دادگاییکردن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، هانیباڵ لە لوبنان دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی داواکاری گشتی تۆمەتباری کرد بە شاردنەوەی زانیاری لەسەر چارەنووسی ئیمام موسا سەدر، پیاوێکی ئایینی شیعەی لوبنانی کە لە ساڵی 1978 لە گەشتێکیدا بۆ لیبیا دیار نەما.

شیعەکانی لوبنان ماوەیەکە حکومەتی قەزافی تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەرپرسە لە دیارنەمانی ئەلسەدر و دەڵێن لیبیا لە سەردانەکەیدا رفاندویەتی، هەروەها هانیباڵ قەزافی لە ساڵی 2011 لە لیبیا هەڵاتووە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشێک لە دژی دەسەڵاتی باوکی، کە لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە کوژرا، دواجار گەیشتە سووریا، پاشان پارێزەرەکەی گوتی: لە ساڵی 2015 ەوە رفێندراوە بۆ لوبنان.

ئەلسەدر بزووتنەوەی ئەمەل شیعەی دامەزراند، کە هاوشانی گرووپی حزبوڵای لوبنان زاڵن بەسەر سیاسەتی شیعە لە لوبنان و لە ساڵی 1980ەوە، لەلایەن نەبیە بەڕی سەرۆکی پەرلەمانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.