گەنجێکی بەریتانی بەرێگاییەکی سەیر 70 هەزار دۆلار لە باوکی دەدزێت

دانیال کوتبێرت
دانیال کوتبێرت

K24 - هەولێر

دانیال کوتبێرت، گەنجێکی بەریتانی بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە، فێڵی لە باوکی کرد و بڕی 56 هەزار پاوەندی لێ دزی، کە دەکاتە 70 هەزار دۆلار.

سکای نیوز بڵاویکردەوە، ئەو گەنجە تەمەن 42 ساڵە سەرکەوتوو بووە لە لاسایی کردنەوەی دەنگی دایکی کۆچکردووی، لەگەڵ دەنگی باوکی کە تا ئێستا لە ژیاندایە، بۆ ئەوەی 70 هەزار دۆلار لە ئەکاونتەکانیان بدزێت.

دانیال سەرکەوتوو بوو لە دەستبەسەرداگرتنی دەیان هەزار پاوەند لە هەژماری بانکی باوکی، بەو پێیەی کارمەندانی بانکی فریو دەدا و دەنگی باوکی و دایکی کۆچکردووی لە کاتی پەیوەندی تەلەفۆنیدا ساختە دەکرد.

بەگوێرەی پێگەکە، پۆلیس ئەو گەنجەی دەستگیرکردووە، لێکۆڵینەوەکانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لەماوەی 14 مانگدا لەساڵانی 2017 و 2018، تەنها چەند مانگێک دوای مردنی دایکی، ئەو گەنجە 56 هەزار پاوەندی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 70 هەزار دۆلار، تەنها بە پەیوەندیکردن بە بانکی دایک و باوکییەوە، کە لاسایی هەردووکیانی سەکردەوە.

تۆمارە دەنگییەکانی پۆلیسی نۆڕثهامپتۆنشایر دەریانخستووە کە کوتبێرت لانیکەم نۆ جار دەنگی دایکی ساختە کردووە، چونکە دەبیسترێت تۆمەتبارەکە بە دروستی وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئەمنی دەداتەوە پێش ئەوەی داوای گواستنەوەی پارە بکات لە ئەکاونتی دایک و باوکیەوە بۆ کەسێکی دیکە.