وەزیری پەروەردە: ئێستا ئێمە خاوەنی گەورەترین ژێرخانی دیجیتاڵین

"زیاتر لە 200 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن"
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "ئێستا ئێمە خاوەنی گەورەترین ژێرخانی دیجیتاڵین و گشت داتاکانی مامۆستا، قوتابی، فەرمانبەر و قوتابخانەکان بە هەموو وردەکارییەکانیانەوە بە دیجیتاڵی کراون". هاوکات ئاماژە بەوەش دەدات، زیاتر لە 200 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی تەممووزی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، وەزیر و بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە بەشداری 120 دامەزراوە و ناوەندی پەروەردە و فێرکردن؛ دوومین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە شاری هەولێر کرایەوە و یەکەمین کۆڕبەندی پەروەدەییش لە ژێر ناونیشانی "پەروەردە بۆ هەمووان" بەڕێوەچوو.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی "پەروەردە بۆ هەمووان" گوتی: "دەمێک بوو بیرمان لەوە کردبووەوە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت بکەینە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە پەروەردەییەکان، کە پەیوەندییان هەیە بە سێکتەری پەروەردە لەسەر ئاستی ناوچەیی و تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش، بۆیە ئەمڕۆ ئەم هەنگاوە یەکەمین دیداری پەروەردەیی کوردستان دەبێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی پاڵپشتیی لێ دەکات و دەبێتە مایەی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە پەروەردەییەکان".

وەزیری پەروەردەیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا "پەروەردە بۆ هەمووان پرەنسیپێکی جیهانییە، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، کە لە بیر و بڕوایەکی قووڵەوە، ئەم پرەنسیپە لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە. ساڵی 1992 بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی خوێندن بۆ هەمووان، پەروەردە بۆ هەمووان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی تورکمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی سریانی بۆ پێکهاتەکان لە وەزارەتی پەروەردە دروستکران. دواتر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی کرا بووە پڕۆژەیاسا و پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد. ئەمەش هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی دەبێت پەروەردە بۆ هەمووان بێت و هاوکات دەبێت مافی پێکهاتەکانیش پارێزراوبێت و بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن".

لەبارەی ئەو ئاوارە ناوخۆییانەی عێراق کە لە ئێستادا لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان دەخوێنن؛ وەزیری پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، لە ساڵی 2014 و دوای هاتنی ملیۆنان پەنابەر و ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە، "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بڕیاردرا هەرچی زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەروەردە بۆ هەمووان دابین بکات، چ بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ یان ئەو پەنابەرانەی لە سووریاوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان."

وەزیری پەرەوردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەو کات (ساڵی 2014) حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەیی فیدراڵ هەماهەنگی کرد بۆ ئەوەی پەروەردە بۆ هەمووان دابین بکرێت. گوتیشی: "ئێستا 152 هەزار قوتابی ئاوارەیی ناوخۆیی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەیی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی هەموو ئاسانکارییەکان بۆ کراوە، 140 قوتابخانەی ئێمە بۆ ئەوان دابینکراون و دەوامەکانمان کردووەتە دوو دەوامی بۆ ئەوەی ئەوان (ئاوارە و پەنابەران) خوێندنەکەیان تەواو بکەن، چونکە وەکو هەرێمی کوردستان بڕوامان وابووە کە دەبێت پەروەردە بۆ هەمووان بێت".  

بەگوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 60 هەزار پەنابەری سووری لە قوتابخانە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی "پڕۆسەی تێکەڵکردن" دەخوێنن و، وەکو خۆی دەڵێت، "ئەمەش باوەڕێکی قووڵ بووە وێرای ئەو تەنگەژە دارایی و تەناهییانەی تووشمان بوون، بەڵام ئێمە لە هەنگاوی یەکەمدا پەروەردەمان بۆ هەمووان دابینکردووە".

ئالان حەمە سەعید لەبارەی بەدیجیتاڵکردنی داتا و خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی پەرەوەردە رایگەیاند: "چوار ساڵ و 15 رۆژ پێش ئێستا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئێمە لەم کابینەیەدا (کابینەی نۆیەم) لە حکومەتەکەماندا ژێرخانی دیجیتاڵی فراوان دەکەین. ئێستا ئێمە خاوەنی گەورەترین ژێرخانی دیجیتاڵی و بە دیجیتاڵکردنی گشت داتای مامۆستا، قوتابی، فەرمانبەر و قوتابخانەکانین لە وەزارەتی پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو وردەکارییەکانیانەوە. کەواتە راستگووبووین (لەگەڵ خەڵکی خۆمان) لە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، یەكێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بووە بە پروگرامەکانی خوێندن و روونیکردەوە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندنی 40 کتێب دەستکاری کردووە، دیزاینی کردوونەتەوە و هەڵەکانیانی چاککردووەتە. لە ئێستادا وەکو خۆی باسی کرد، تیمەکانی وەزارەتی پەروەردە کار لەسەر 40 کتێبی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێداچوونەوەیان پێدا بکەن.

هەنگاوێکی دیکەی "پەروەردە بۆ هەمووان" وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی دەکات، "فەرمانەکەی ساڵی رابردووی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو، بەوەی دەبێت قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت پاش ئەوەی لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە شیاندنیان بۆ دەکرێت، تێکەڵ بە قوتابخانەکان بکرێنەوە، لەگەڵ قوتابیانی ئاسایی دابنرێنەوە و لە چوارچێوەی پەروەردە بۆ هەمووان بتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن. ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ جێبەجێکردنی پرەنسیپێکی جیهانیی بووە کە بەردەوام بڕوامان پێی هەبووە".

لەبارەی دروستکردنی قوتابخانە و ژووری نوێ لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، وەزیری پەروەدی ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا "86 قوتابخانەی نوێ دروستکران و هەزار و 503 قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە و دەیان قوتابخانە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تا شەش مانگی داهاتوو ئامادەبن. هاوکات 452 ژووری نوێ لە چوارچێوەی سیاسەتی فراوانکردنی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی دروستکراون". گوتیشی، "ناڵێین کەموکورتیمان نییە، کەموکورتیشمان هەیە، بەڵام بەگوێرەی تواناکانمان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە و کەمتەرخەمیمان نەکردووە".

هاوکات ئالان حەمە سەعید ئەوەشی خستەڕوو، "خاڵێکی دیکە کە دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین، ئەوەیە ئێمە بە دروستی خوێندنەوەمان بهەردوو نەوەی "زێت و ئەلفا"  کردووە. نەوەی زێت لە دایکبووانی 1995 تا 2010ـن و نەوەی ئەلفاش ئەوانە لە ساڵی 2010ـەوە لە دایکبوون و تا ساڵی 2025 لەدایک دەبن. ئەو هەردوو نەوەیە لە هەرە پەرەسەندەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و جیهانی دیجیتاڵی و ژمارەییدان بۆیە پڕۆگرامەکانی خوێندنی خۆمانیان بۆ دەگونجێنین. سەرەڕای بابەتە زانستییەکان و ئەوانەی بابەتێکی زانستییان هەیە، بەڵام ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مێژوویی ئێمەوە هەیە، دەبێت بە شێوەیەکی دیجیتاڵی بۆ هەردوو نەوەیە بگونجێنین".