ئەمەریکا بەبڕی سەدان ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات

ئاڵای ئەمەریکا و ئۆکرانیا
ئاڵای ئەمەریکا و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ئەمەریکا لە درێژەی هاوکارییە سەربازییەکانیدا بۆ ئۆکرانیا پاکێجێکی نوێی هاوکاری بە گوژمەی 400 ملیۆن دۆلار پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکیاندا بۆ ئاژانسی "Associated Press" ئەوەیان ئاشکرا کرد، لە پاکێجەکەدا، فڕۆکەی بێبڕۆکەوانی "Hornet"، تەقەمەنی پێویستی سیستمی موشەکهاوێژی "HIMARS" و سیستمی موشەکهاوێژی زەمینی-ئاسمانی "NASAMS" و چەندین جۆری دیکەی چەک و پێداویستی سەربازی هەن.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پاکێجی هاوکارییەکە بە گوژمەی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلارە.

لە دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیاوە تا ئێستا ئەمەریکا بە گوژمەی زیادتر لە 41 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.

کۆتا جاریش وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، پاکێجێکی نوێی بە گوژمەی 1.3 ملیار دۆلار بۆ دابین کردنی پێویستییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا راگەیاندبوو.