توركیا داوای به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌ی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان ده‌كات

K24 - هەولێر:

وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان و كونسوڵی گشتی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان تاووتوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و كۆمپانیا توركییه‌كانیان كرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە (وەکالەت) پێشوازیی لە مەمەد مەولوود یاکوت کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

 وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و کۆمپانیا تورکییەکان کردەوە و، ئاماژەشی بە ئاسانکاریی و هاوکاریی وەزارەت بۆ کۆمپانیا تورکییه‌كانی کرد.

کونسوڵی گشتی تورکیا سوپاسی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کرد و داوای بەهێزترکردنی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان کرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەزیری سامانە سروشتییەکان لەمبارەوە ڕایگەیاند گفتوگۆکان بەردەوامن و پێشچوون و لێکتێگەیشتنی باشی بەخۆوە بینیوە.

پێشتریش گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەولێر،  به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، ساڵی رابردوو قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا گه‌یشته‌ ئاستێكی باش، كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌ 12 ملیار دۆلار.