ناسڕ حەسەن لە فیلمێکی نوێدا دەردەکەوێتەوە

K24 - هەولێر:

ناسڕ حەسەن دوای 33 ساڵ دوورکەوتنەوە لە نواندن و رۆڵ بینین لە سلێمانی و ئەنجامنەدانی هیچ پڕۆژەیەکی هونەری لەم شارە،  وەک سوپڕایزێک، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوه سەر شاشەی سینەماکانی سلێمانی و رۆڵ لە کورتە فیلمی خوێندکارێکی زانکۆدا دەبینێت.

ئەحمەد سەلام، دەرهێنەری كورتە فیلمەكە بۆ کوردستان24 گوتی: "سیناریۆکە لە رۆڵی دادگایی کافکا وەرگیراوە لەگەڵ چیرۆکی میوانی گۆڕستان، باس لە دادگاییکردنێکی وەهمی دەکات، کە مرۆڤەکان لە مێشکی خۆیاندا دروستی دەکەن، و بیری لێدەکەنەوە رەنگە بەو شێوازە نەبێت، یان دادگایەکی لەو شێوازە، کە ئێمەی مرۆڤ دامانناوە رەنگە بوونی هەر نەبێت.

لە بارەی ئامانجی پشت بەرهەمەکەیانەوە، ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەكرد، مەبەستمان ئەوەیە مرۆڤ بەو شێوازە بژی کە خۆی بۆی گرنگە و چێژی لێدەبینێت و واز لە خەیاڵەکانی بۆ ژیان بێنێت، کە مرۆڤەکانی تر دروستیان کردووە لە پێناو بەرژەوەندییان.

کارەکانی فیلمەکە ڤینۆ گروپ بەرهەمیدەهێنێت، دەرهێنەر خۆشحاڵە بەوەی ناسڕ حەسەن بەشداری لە فیلمەکەیدا دەکات و دەڵێت: "ئەو پاش 33 ساڵ لە سلێمانی بەشداری بەرهەمێکی هونەری دەکاتەوە و سوپرایزێکیشە بۆ بینەرانی کارەکەیان.

کورتە فیلمەکە ماوەی 15خولەکە، لە چەند رۆژی داهاتوو کاری وێنەگرتنی بۆ دەکرێت و ئامادەکاری دەکرێت بەشداری چەند ڤیستیڤاڵێک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بکات و فیلمەکە لە ژانری درامی ئاڵۆزە.

ا