کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ئاوارەکانی شنگال دەتوانن لە کەرکووک دەنگ بدەن

عەبدولباست دەروێش
عەبدولباست دەروێش

K24 - هەولێر

گوتەبێژی نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک رایگەیاند، لەم مانگە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکردووە و تاوەکو 7ی ئاب بەردەوام دەبێت.

عەبدولباست دەروێش، گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، لەمیانەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە 18-12ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەمڕۆ چوارشەممە نووسینگەی هەڵبژاردنی کەرکووک، کۆنگرەیەکی فراوانی ئەنجامداوە بۆ نوێنەری قەوارە سیاسییەکان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی و دەزگاکانی راگەیاندن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە میکانیزمی نوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەم مانگە دەستمان پێکردووە تاوەکو 7ی ئابی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: تاوەکو ئێستا رێژەی نوێکردنەوەی تۆماریتۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە سەدا 75، هەروەها لەسەدا 96 کارتی دەنگدانمان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکردووە، سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش کە هێزی ناوخۆ و سوپا دەگرێتەوە، تاوەکو ئێستا لە سەدا 98 کارتەکانمان بەسەر دابەشکردوون.

گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەختیکردەوە، روونیکردەوە: ئەو ئاوارانەی شنگال کە لە پارێزگای کەرکووک نیشتەجێن بنکەیان بۆ دەکرێتەوە و دەتوانن لە کەرکووک دەنگ بدەن، جگە لەوان ئەوانی تر ناتوانن لێرە دەنگ بدەن".

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵی دەست نیشان کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.