شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا

K24 - هەولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی شڤان جه‌باری په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غدا و ئه‌مشه‌و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

دوای پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ ئێواره‌ گه‌یشته‌ به‌غدا.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌مێكی دیكه‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تیمی حكومه‌تی عێراق ده‌چنه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ و چڕ و پڕ،  ته‌واوی ئه‌و ئامار و داهاتی فه‌رمانبه‌ران و نه‌وتی و نانه‌وتی ده‌خرێنه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، تیمی حكومه‌تی عێراقی وردبینی ته‌واوی داتاكانیان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ته‌واوی گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

باسی له‌وه‌شكرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیازپاكیان نیشانداوه‌، نه‌وتیان راده‌ستكردووه‌ته‌وه‌، رۆژانه‌ 50 بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست ده‌كه‌ن..

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، له‌ دوای وه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت زۆربه‌ی كۆمپانیاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان كشاونه‌ته‌وه‌، هه‌رێم ناتوانێت 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات، ئه‌مانه‌ هه‌مووی گرفتی ته‌كنیكین ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن.

له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا ده‌كه‌ن 400 بۆ 800 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، تاكو گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن.

پێشتریش پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 26/7/2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە دەچێتەوە بەغدا.

گوتبوشی: "لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق درێژە بە کۆبوونەوەکانمان دەدەین، بەو ئامانجەی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و مووچەی مووچەخۆران بگەینە رێککەوتن".

هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.

پێشتر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاندبوو. لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا، شاندی حکومەتی عێراق داوایان کردووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و لەبارەی چەند خاڵێک بەرچاو روونی زیاتری پێدەدەن، دواتر درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.