هەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و دارایی گفتوگۆیان لەبارەی ئاسانکاری بۆ دابەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابییانی زانکۆ کرد

K24 – هەولێر:

هەردوو وەزیری دارایی و خوێندنی باڵا کۆبوونەوە و هاوکات هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی نێوانیان لەسەر ئاسانکارى بۆ دابەشکردنى پاڵپشتى دارایى بۆ قوتابییانى زانکۆکانی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023) ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی سەردانی ئاوات سێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری کرد و لە میانەی کۆبوونەوەی نێوانیان گفتوگۆیان لەبارەی پرسە داراییەکانی وەزارەت و زانکۆکانی کوردستان کرد.

ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پڕۆژە زانستییەکانیان هەمیشە چاویان لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

لەلاین خۆیەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی دا، هەمیشە پاڵپشت و پشتیوان دەبن و هەر کارێک لەچوارچێوەی دەسەڵات و توانایان بێت درێغی ناکەن، هاوکات جەختى لە هاوکارى و پشتیوانى بەردەوامى وەزارەتەکەى کردەوە بۆ کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەی نێوانیان ئارام محەممەد قادر، داوای لە وەزیری دارایی کرد، بۆ تەواوى مانگەکانى ساڵى ئەکادیمى داهاتوو پاڵپشتى دارایى قوتابیان بەردەوام بێت و هەوڵبدرێت کێشەى نەختینەى بانکى دروست نەبێت و ئەو بانکانەشى ئەو کێشەیان هەیە چارەسەر بکرێت.

لەو چوارچێوەشدا وەزیری دارایی دووپاتیکردەوە وەزارەتەکەیان هەوڵدەدات بەبێ کێشە پاڵپشتی دارایى قوتابیان و خوێندکاران مانگانە لە کاتى خۆیدا خەرجبکرێت.