لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تەرمی دیندار دلیر دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەرمی دیندار دلێر رێکانی کە خەڵکی شیلادزێیە دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە لە رێگای چوونە ئەوروپا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو گەنجەی شیلادزێ بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو لە زێدی خۆیان بە خاک بسپێردرێت.

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو، دیندار دلێر رێکانی لەگەڵ چەند گەنجێکی شیلادزێ لە رێگەی دارستانەکانی بولگاریاوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەدەن، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری دەپچڕێت و رۆژی سێشەممەی رابردوو، هەواڵی گیان لەدەستدانی بڵاوکرایەوە و تەرمەکەی دۆزرایەوە.