یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی 'رووداوەکەی نسێبین' بەڕێوەدەچێت

وێنەی پێنج هاووڵاتییەکەی شاری دهۆک کە لە باکووری کوردستان کوژران
وێنەی پێنج هاووڵاتییەکەی شاری دهۆک کە لە باکووری کوردستان کوژران

K24 - هەولێر

یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی پێنج هاووڵاتییەکەی شاری دهۆک لەسەر رێگەی نسێبین - مێردین دەستیپێکردووە و کەسوکاری قوربانیانیش داوا دەکەن، دادگا رۆڵ لە سزادانی تۆمەتباران بگێڕێت و  راستی پشت رووداوەکەش بۆ کەسوکاری قوربانییان و رای گشتی ئاشکرا بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، نزیکەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی هەر پێنج تۆمەتباری کوشتنی پێنج ئەندامی دوو بنەماڵەکەی دهۆک لەسەر رێگەی نسێبین – مێردینی باکووری کوردستان، لە دادگای مێردین دەستیپێکرد و، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بەردەوام بووە.  

حەسەن کاکۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە بەردەم دادگای مێردین رایگەیاند، لەو پێنج کەسەی بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامانی دوو ماڵباتەکەی دهۆک دادگایی دەکرێن، دووانیان تۆمەتباری سەرەکین و پێشتر داواکاری گشتیی مێردین سزای زیندانیکردنی هەتا هەتاییان بۆ پێشنیازکردووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان کچە و خۆشەویستی یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانە. بە تۆمەتی شاردنەوەی ئەو چەکەی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک پێی کوژراون تۆمەتبارکراوە و سزای هەشت بۆ 11 ساڵ زیندانیکردنی لەلایەن داواکاریی گشتیی مێردینەوە بۆی پێشنیازکراوە. گوتیشی، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلی بە کرێ بۆ تۆمەتبارە سەرەکییەکان دابینکردووە و ئەویش سزای هەشت بۆ 11 ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێشنیازکراوە.

لەبارەی تۆمەتباری پێنجەم؛ پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان کە پێشنیازکراوە بۆ ماوەی هەشت بۆ 11 ساڵ زیندانی بکرێت؛ تۆمەتی پێدانی دەمانچە بە تۆمەتبارانی سەرەکی رووداوەکە دراوەتە پاڵی.

هاوکات حەربی جەلالەددین، نوێنەری کەسوکاری قوربانیانی هەردوو بنەماڵەکەی دهۆک، بە کوردستان24 راگەیاند، ئەوان وەک کەسوکاری قوربانییەکان لەگەڵ پارێزەرەکانیان لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبن و داوا دەکەن، دادگا رۆڵ لە سزادانی تۆمەتباران بگێڕێت و  راستی پشت رووداوەکەش بۆ کەسوکاری قوربانییان و رای گشتی ئاشکرا بكات.

شەوی چوارشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکی نسێبین – مێردینی باکووری کوردستان، هێرشێکی چەکدرای کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک، کە پێنج ئەندامی دوو خێزانی دانیشتووی شاری دهۆک تێیدا بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی پارێزگای دیاربەکری باکووری کوردستانیان کردبوو. لە هێرشەکەدا هەر پێنج هاووڵاتییەکەی شاری دهۆک کوژران.

پێشتر مەسعود محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ناوی تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکەی ئاشکراکردبوو، کە ( ف. أ )ـه‌، خه‌ڵكی نسێبینه‌، لە بەشی میکانیک لە کۆمەڵگه‌ی ئەڤرۆستیی شاری دهۆک بۆ ماوەی چه‌ند ساڵێك کاریکردووە و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربیانیەکان هەبووه‌، ئاگەداربووە کە ئەو رۆژە پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک سەردانی تورکیا دەکەن و، پێش ئه‌وان سه‌ردانی مێردینی كردووه و‌ پلانی كوشتنیان دانابوو.