داواکاری گشتی مێردین سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆ بکوژانی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک پێشنیاز دەکات

وێنەی پێنج هاووڵاتییەکەی شاری دهۆک کە لە باکووری کوردستان کوژران
وێنەی پێنج هاووڵاتییەکەی شاری دهۆک کە لە باکووری کوردستان کوژران

K24 - هەولێر:

داواکاری گشتی مێردین بە تاوانی کوشتنی پێنج هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆ سێ تۆمەتباری کەیسەکە پێشنیاز دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، داواکاری گشتی مێردین داوایکردووە سێ لە تۆمەتبارەکان بە تاوانی کوشتن سزای زیندانی هەتا هەتایی بدرێن و هەروەها سزای 11 تا 18 ساڵ زیندانی بدرێن بە تاوانی دزیکردن.

ئاماژە بەوەشدرا، بۆ تۆمەتبارێکی دیکەی کەیسەکە، پێشنیازی سەپاندنی سزای زیندانی 5 بۆ 12 ساڵ کراوە.

لە 19ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پێنج هاووڵاتی دهۆک کە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی روویان لە باکووری کوردستان و تورکیا کردبوو، لەنزیک شاری نسێبین دەکەونە بۆسەی چەند چەکدارێکەوە و هەرپێنجیان کە زۆربەیان کەسانی بە تەمەن بوون، کۆمەڵکۆژ دەکرێن.

دوای رووداوەکە بە چەند کاتژمێرێک پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە لە نێویاندا دوو تاوانباری سەرەکی هەبوون و دواتر لەبەردەم دادگا دانیان بە تاوانەکەیان دا نابوو.