دوو هاووڵاتی کورد لە کەرکووک لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتمانییەوە کوژران

شاری کەرکووک
شاری کەرکووک

K24 – کەرکووک:

لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزێکی ئەمنی لە کەرکووک، دوو گەنجی کورد کوژران و کەسوکارەکانیان داوای ئاشکراکردنی بکەرانی ئەو رووداوە دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمشەو لە گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکووک، دوو گەنج کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە لەبازگەی 55ـی گەڕەکی دۆمیز لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتمانییەوە تەقەیان لێدەکرێت و بەسەختی برینداردەبن و پاش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێک لە گەنجەکان ناوی هادی شکورە و تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە، کەسوکارەکەی بە کوردستان24ـیان راگەیاند، کوڕەکەیان لەگەڵ هاوڕێکەی بەتەقەی هێزێکی ئەمنی کوژراون.

هەروەها ئێستا تەرمی قوربانییەکان لە پزیشکی دادی کەرکووکن و کەسوکارەکانیان ئامادەنین تەرمەکانیان وەربگرنەوە داوا دەکەن بکوژی کوڕەکانیان دەستگیربکرێت.

یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان لە بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەو دوو گەنجە کە کاسبن و یەکێکیان کاری نانەوایی دەکات و لە ترسی ئەوەی ئەو هێزەی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستبەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا نەگرن لە بازگەکە نەوەستاوە و ئەوانیش راستەوخۆ لە پشتەوە تەقەیان لێکردوون و گوللـەکان بە سەریان کەوتووە.

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە نزیک نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک، دوو کەس کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە تەقەیان لە ئەفسەرێکی پۆلیس کردووە و بەسەختی برینداریان کرد، لەدوای ئەو رووداوە لە زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکووک خاڵی پشکنین دانراوە و ژمارەیەکی زۆری ماتۆڕسکیلیش دەستی بەسەرداگیراوە.