ئۆستریا هێزێكی تایبەتی ڕەوانەی میونشن دەكات

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئامانجی هێرشكەرەكان ڕوون نییە

K24 – هەولێر:

بۆ هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكانی ئەڵمانیا، وڵاتی ئۆستریا (نەمسا) ی دراوسێی هێزێكی تایبەتی ڕەوانەی شاری "میونشن" دەكات.

سەرەڕای هاتنی هێزی تایبەتی ئەڵمانی و پۆلیسی فیدراڵی ئەو وڵاتە بۆ شاری میونشنی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا، هێزێكی تایبەتی " ئۆستریا(نەمسا) ش بۆ هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان دێنە شارەكە.

پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هێرشێكی چەكداری كرایە سەر مۆڵی "ئۆڵۆمپیاد" لە شاری میونشن" و بەهۆیەوە "11" كەس كوژران و ژمارەیەك كەسی دیكە بریندار بوون،تا ئێستا تەقەكەرەكان دەستگیر نەكراون و نەكوژراون،و باری نائاسایی لەو شارەدا ڕاگەیەنراوە و هێزێكی زۆری ئەمنی لەو ناوچەیەدا كۆكراونەتەوە.

لە نوێترین زانیارییدا میدیاكانی ئاڵمانیا ئاماژە بەوە دەكەن، كە پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلی تەقەكەرەكاندا گرتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێك لەبارەی چارەنووسی تەقەكەرەكانەوە نییە، كە ئایا كوژراون یان ڕایانكردووەتە دەرەوەی شارەكە.

لەلایەكی دیكەوە "فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەبارەی بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیلی شاری میونشن لەلایەن "3" چەكدارەوە ڕایگەیاند" تا ئێستا ئامانج و مەرامی چەكدارەكان دیارنییە و هۆكاری هێرشەكە ئاشكرا نییە.

دۆخی شارەكە گەشتووەتە ئاستێك، ئەنگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا داوای كردووە ڕۆژی شەممە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەڵمانی بەڕێوە بچێت.

ژمارەیەكی دیكە لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكاش، پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەڵمانیا دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، هاوشانی ئەڵمانیا دەوەستن لەو دۆخەی ئێستادا و بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك ئامادەن.