پڕۆژەیاسایەک بە ناوی "ژینا ئەمینی" پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکرێت

وێنەی ژینا ئەمینی لە دەست ژنێکی دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا
وێنەی ژینا ئەمینی لە دەست ژنێکی دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا

K24 - هەولێر

دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژەیاسایەکیان بە ناوی کچە چالاکوانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان "ژینا ئەمینی" بە مەبەستی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵای ئێران و توندکردنی سزا ئابوورییەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا، پێشکەشی ئەنجوومەنی پیران کردووە.

مارکۆ روبیو، سیناتۆر (ئەندامی ئەنجوومەنی پیران)ـی کۆمارییەکان و ئەڵێکس پادێلا، سیناتۆری دیموکراتەکان پڕۆژەیاساکەیان بە ناوی (یاسای ژینا ئەمینی بۆ لێپرسینەوە لە ئاسایش و مافی مرۆڤ) بە مەبەستی سزادانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئێسلامی ئێران پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکایان کردووە.

ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسەندبکریت، سەرۆکی ئەمەریکا پابەند دەبێت بەوەی هەرسێ مانگ جارێک راپۆرتێک لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و کەسە نزیکەکانیان لە دژی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئەنجامدەدرێن، ئاراستەی کۆنگرێس بکات.

پێویستە راپۆرتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا کە 90 رۆژ جارێک ئاراستەی کۆنگرێس دەکرێت، لە ماڵپەری فەرمی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵاوبکرێتەوە. بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە، سزاکانی پەیوەست بە تیرۆر، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بەسەر رێبەری کۆماری ئێسلامی ئێران، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و کەسە نزیکەکانیاندا دەسەپێندرێن.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە کە بە هاوبەشی لەگەڵ سیناتۆرێکی دیموکراتەکان پڕۆژەیاساکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پیران کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێشێلدەکرێن،  ئەو وڵاتەی بە "سپۆنسەری تیرۆر" ناوبرد و بە پێویستی دەزانێت ئەمەریکا دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بەو سزا ئابوورییانەدا بکات کە بەسەر بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا سەپاندوونی.

پێشتر ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ نیویۆرك رایگه‌یاندبوو، ئەگەر کەمتەرخەمییەک یان هەڵەیەک لە رووداوی کوشتنی ژینا ئەمینی روویدابێت، بێگومان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. گوتیشی "ئەگەر لەدەرەوە باسی بکەن یان نەیکەن، ئەوە ئەرکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە مافی هاووڵاتیانی بپارێزێت، بەڵام هەر لەو ئەمه‌ریکایە چەند کەس لەلایەن پۆلیس کوژراون، ئایا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە؟".

لەلایەن خۆیەوە سیناتۆری دیموکراتەکان ئەڵێکس پادێل ئاماژەی بەوە دا، "دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بەشێوەیەکی دڕندانە، خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان ئازایەتی و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر رژێمی ئێستای ئێران نیشاندا و پێویستە ئێمەش رۆڵمان هەبێت لە لێپرسینیەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئێران کە دەستیان هەیە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، چاودێریکردن و هەراسانکردنی هاووڵاتییان".

68 ئەندامی کۆمارییەکان و 60 ئەندامی دیموکراتەکان پاڵپشتیی لەم دەستپێشخەرییە دەکەن و لەلایەن (یەکێتی نیشتمانی دیموکراتی ئێرانی)، رێکخراوی (یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی) و لیژنەی کاروباری گشتیی ئەمەریکی – ئیسرائیلی (ئیپاک) پاڵپشتیی لێ دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ جاری یەکەم بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیاسایە، مانگی یەکی ئەمساڵ داوی تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی، لەلایەن سیناتۆری کۆمارییەکان جەیمس بانکس و سیناتۆری دیموکراتەکان ئێرێک سوالۆیلەوە پێشکەشکرابوو.

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کار بۆ هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاساکە دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەم پڕۆژەیاسایەی ئێستا نابێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا و، وەکو خۆیان دەڵێن، لە بنەڕەتدا ئەمەریکا سزای توندی بەسەر خامنەیی و رەئیسی و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

ژینا ئەمینی 22 ساڵ، رۆژی 13ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بەبیانووی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئێرانەوە دەستگیراکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوام بوون.