واشنتن: پێدەچێت شویگۆ بۆ کڕینی چەک چووبێتە کۆریای باکوور

K24 - هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، ، ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شویگۆ بۆ کڕینی چەک سەردانی کۆریای باکووری کردبێت.

بلینکن لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا، لۆید ئۆستن بە سەردانێکی فەرمی لە ئوستراڵیان، له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ریچارد مارلێس وەزیری بەرگریی ئوسترالیا و پێنی وۆنگ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد.

یەکێک لە رۆژنامەنووسان پرسیاری لە بلینکن کرد و گوتی: "ئایا وەزیری بەرگریی رووسیا، بۆ کڕینی چەک سەردانی کۆریای باکووری کردووە تا لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت؟ لە وەڵامدا بلینکن رایگەیاند: "گومان لەوە هەیە شویگو بۆ بەسەربردنی پشوو سەردانی ئەوێی کردبێت، دەزانین کە رووسیا بێ ئومێدانە بە دوای چەکدا دەگەڕێت بۆ درێژە دان بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا. بۆ ئەمەش کۆریای باکوور و ئێرانیان دیاریكردووه‌، هه‌روه‌ك بینیمان ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دایە رووسیا بۆ لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکرانیا و کوشتی هاووڵاتی مەدەنی".

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، باسی لەوەشکرد، چین بەڵێنی داوە هاوکاری رووسیا نەکات لە پێدانی چەک، رەنگە کۆمپانیا چینییەکان هاوکاری رووسیا بکەن لە رووی تەکنەلۆژیيەوە و ئەم نیگه‌رانییه‌مان به‌ په‌كیین راگه‌یاندووه‌.

چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له‌ چوارچێوه‌ی نمایشێكی سه‌ربازی له‌ كۆریای باكوور، به‌ ئاماده‌بوونی كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌، سێرگی شویگۆ وه‌زیری به‌رگری رووسیا ده‌ركه‌وت، كه‌ بووه‌ هۆی نیگه‌رانبوونی واشنتن و وڵاتانی ئه‌وروپی.