رۆژانە سەدان گەشتیار سەردانی رووباری خازر دەکەن

kurdistan24.net

K24 – بەردەڕەش:

ناوچەی مەندان دەکەوێتە باشووری سەنتەری قەزای بەردەڕەش و رووباری خازر بەو ناوچەیەدا دەڕوات، لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی کەشوهەوا رۆژانە سەدان گەشتیار لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا، سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن و بە ئاوی رووبارەکە خۆیان فێنک دەکەنەوە، هاوکات تیمەکانی نوقوومبوونیش هاووڵاتیان دەپارێزن لە ئەگەری دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

بورهان محەممەد، گەشتیار، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دونیا زۆر گەرمە هاتن بۆ سەر رووباری خازر لەگەڵ هاوڕێکانی، کەشێکی زۆر خۆشی هەیە ئەو شوێنە زۆر فێنکە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد چرە، گەشتیارێکی دیکەیە کە هاتووەتە ناوچەی مەندان سەر رووباری خازر، گوتی: "کەشوهەوا زۆر گەرمە دێنە ئێرە و شوێنێکی گەشتیاریی خۆشە، لەگەڵ هاوڕێکانم هاتوومە و خواردنمان هێناوە، هەروەها شایی و هەڵپەڕکیش ئەنجامدەدەین دڵمان زۆر خۆشە".

رووباری خازر گەشتیارێکی زۆر رۆژانە لە هەردوو رەگەز دێن بۆ مەلەکردن تێیدا، هاوکات بەردەوام تیمەکانی نوقومبوون لەسەر رووبارەکە ئامادەن بۆ ئەوەی گیانی گەشتیاران بپارێزن لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

قەزای بەردەڕەش لە نسووری جوگرافی خۆیدا دەکەوێتە نێوان هەردوو رووباری زێی گەورە و رووباری خازر، لە کاتی هاتنی وەرزی هاوین و هاتنی شەپۆڵی گەرما رۆژانە گەشتیار بۆ مەبەستی فێنکبوونەوەیان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەم دەڤەرە دەکەن.