سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌شداری لە پرسه‌ى شێخ سه‌عيد بن زايد ئال نهيان ده‌كات
K24 – هەولێر:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەبوزەبی بەشداری لە پرسەی شێخ سه‌عيد بن زايد کرد و به ناوى سه‌رۆك بارزانى و گه‌لى كوردستانه‌وه، پرسه و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئيمارات و خانه‌واده‌کەیان و گه‌لى ئيمارات كرد.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه (29ـی تەمموزی 2023) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌بوزه‌بيى پايته‌ختى ئيمارات، به‌شدارى له رێوڕه‌سمى پرسه‌ى شێخ سه‌عيد بن زايد ئال نهيان، براى شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نهيان، سه‌رۆكى ئيمارات كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به ناوى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و خۆيان و گه‌لى كوردستانه‌وه، پرسه و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئيمارات و خانه‌واده به‌ڕێزه‌كه‌يان و گه‌لى ئيمارات كرد و هيواى خواست خواى مه‌زن گيانى خوالێخۆشبوو به به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به هه‌مووان ببه‌خشێت.
لەلایەن خۆيه‌وه، شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نهيان، سه‌رۆكى ئيمارات، سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى و هاوسۆزى و هاوبه‌شييان له خه‌م و پرسه‌كه‌ياندا.