نەخشە رێگای چاکسازی لە کەرتی گەشتیاری راگەیەندرا

دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخاڵ - رواندز - فۆتۆ: هوشیار ئەرگۆشی
دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخاڵ - رواندز - فۆتۆ: هوشیار ئەرگۆشی

K24 - هەولێر

لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر بە بەشداری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و بە سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و دەستەی گەشتوگوزار، نەخشە رێگای چاکسازی لە کەرتی گەشتیاری راگەیەندرا، کە ئامانج لێی گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی سەرچاوەی داھات و پەرەدان بە گەشتیاری بیان، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین هەنگاوی ناوە.

لەوبارەوە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا بەشێک لە گەشتیارییە بیانییەکان روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بە جێبەجێکردنی ئەو پلانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێداوە، قۆناغ بە قۆناغ رێژەی هاتنی گەشتیارانی بیانی زیاد دەکات".

دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ئاسانکاری دەکات بۆ ھەر وەبەرھێنەرێکی بیانی کە لە رێگەی نەخشە رێگای گەشتیارییەوە بیەوێت گەشتوگوزار لە کوردستان بکات، کە بەخشینیانە لە باجی گومرگی و چەندین ئاسانکاری تر لە پڕۆژەکاندا.

د. محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، دەڵێت: "یاسای وەبەرهێنان ئاسانکارییەکی زۆری دروستکردووە، دوو جۆرە بەخشینمان هەیە بۆ هەموو وەبەرهێنەران، بەخشینی گومرگی و باجە، هەروەها بەخشینی دیکەمان هەیە سێ ساڵ جارێک وەبەرهێنەر و خاوەن پڕۆژەکانی گەشتیاری دەتوانن سێ ساڵ جارێک دەتوانن هەموو کەرەسەتەی شوێنی گەشتیاری یان هۆتێل نوێ بکەنەوە و کەرەستەکانیان بەبێ گومرگ بێننە ناو هەرێمی کوردستان، ئەمەش تەنیا بۆ کەرتی گەشتیاری لە یاسای وەبەر‌هێنان هەیە".