دانیشتووانی خورماڵ شیرینی دەبەخشنەوە

بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خورماڵ دەبێتە قەزا

K24 - هەڵەبجە

دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیاریدا شارەدێی خورماڵ بكرێتە شارۆچكە، دانیشتوانی خورماڵ خۆشحاڵبوون و بەشێك لە ھاووڵاتییان بەو بۆنەیەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان شیرینییان بەخشییەوە و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ھاووڵاتییان سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكەن و دەڵێن: بە قەزاكردنی خورماڵ ئاسانكاری زۆر بۆ دانیشتوانی سنوورەكەی دەكات.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواکاری خەڵکی خورماڵی جێبەجێ کرد و فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەمانگی پارێزگای هەڵەبجە رێکارە کارگێڕییەکان بۆ بە قەزابوونی خورماڵ جێبەجێ بکرێن.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: "بڕیاری بە قەزابوونی خورماڵ بڕیارێکی مێژووییە و سوپاس بۆ ئەو لیژنەیەی کە بەدواداچوونیان کردووە".

دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵکی خورماڵ بە شێوەی جیاجیا خۆشی خۆیان دەربڕی و بەشێکیان لە شەقام و کۆڵانەکانی خورماڵ شیرینیان بەخشییەوە.

ژمارەی دانیشتوانی خورماڵ 28 هەزار کەسە، 40 گوندسەر، بە خورماڵن، لەنێو خورماڵ و ژمارەیەک لە گوندانەی سەر بەم قەزایەن شوێنی مێژووی ئایینی هەن، کە دەکرێت بە گرنگی پێدانیان ببێتە داهات بۆ خەڵکی ناوچەکە، ئەوانیش مزگەوتی گەورەی، خورماڵ گەڕاوی خورماڵ ئاوی گەنجان، قەڵای خان ئەحمەد خان لە گوندی زەڵم و زیدانی زوحاک لە گوندی نەوێ، سەیرانگای ئەحمەد ئاوا و سەرچاوەی زەڵم.

خورماڵ لە ساڵی 1582 قەزایەکی سەربەخۆ بووە بەناوی گوڵعەنبەر 472 گوند سەر بە قەزاکە بوون، بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خورماڵ کراوەتەوە بە ناحیە، بەڵام سەرۆکی حکومەت خەونی دانیشتوانەکەی بەدیهێناو بڕیاری بە قەزابونی دەرکرد بووە یەکەمین قەزای پارێزگای هەڵەبجە.

رۆژی یەکشەممە (30ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دانیشتوانی خۆشەویستی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان، داوای بە قەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و  ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە (31ـی تەمموزی 2023)ـەوە وەزارەتی ناوخۆ رێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداری هێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەست پێدەکات.