ئەمەریکا سزا بەسەر دەیان کەسایەتی و کۆمپانیای نزیک لە داعش دەسەپێنێت

هێزێکی سوپای ئەمەریکا
هێزێکی سوپای ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەمەریکا سزای بەسەر 49 کەسایەتی و کۆمپانیای هاوکاری داعش و قاعیدە سەپاند و جەخت لەوە دەکاتەوە،  رووبەڕووی هەموو هەڕەشەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییانە دەبنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، حکومەتی ئەو وڵاتە 18 کەسایەتی ماڵدیڤی هاوکاری داعش، دوو ئەندامی قاعیدە و 29 کۆمپانیای پاڵپشتیکاری داعش و قاعیدەی خستوونەتە لیستی سزاکانییەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەو کەسایەتییانەی سزادراون، بریتیبوون لە سەرکردە و ئەندامانی شانەکانی داعش لە ماڵدیڤ و بەشێکی دیکەشیان پلاندارێژەری هێرشی تیرۆریستی بوون بۆ سەر رۆژنامەنووسان و حکومەت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشیکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە رێگریکردن لە هەموو پاڵپشتییە داراییەکانی تیرۆریستان لە ماڵدیڤ، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش و رووبەڕووی هەموو هەڕەشەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییانە دەبنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممەی رابردوو 15ـی تەممووزی 2023، ماتیۆ ئۆڵسن، یاریدەدەری داواکاری گشیتی بەشی ئاسایشی نیشتمانیی وەزارەتی دادی ئەمەریکا رایگەیاند، کەسێک کە بە رەچەڵەک خەڵکی کۆسۆڤۆیە، بەتۆمەتی پەیداکردنی چەکدار بۆ گرووپی داعش دەستگیرکراوە و سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

یاریدەدەری داواکاری گشیتی بەشی ئاسایشی نیشتمانیی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئەندامەی داعش کە سزای سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، ناوی (میرساد کاندیک)ـە و تەمەنی 41 ساڵە.

بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2014ـەوە تا کۆتایی مانگی رابردوو 246 کەس لە ئەمەریکا بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعش دەستگیرکراون. لەو ژمارەیەش 198 کەسیان دانیان بەوەدا ناوە، پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.