جووتیارانی ئاکرێ دڵخۆشن بە ساغبوونەوەی بەروبوومەکانیان

K24 – ئاکرێ:

دەڤەری ئاکرێ لە رووی کشتوکاڵییەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە، ئێستا زۆرینەی بەرهەمەکانی سەوزە و میوەی ناوچەکە پێگەیشتوون، لە سەرلەبەیانی زووەوە جووتیارانی ناوچەکە بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوە و روو لە عەلوەکان دەکەن، بەرهەمەکانیان ساغ دەکەن و دەڵێن، بازاڕیان گەرمە و خواست بۆ بەرهەمی ناوخۆ زۆرە.

هاوار محەممەد، جووتیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە ئێواران دەچین ئەو بەرهەمانە دەهێنین، بۆ کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانیش بەقاڵەکان دێنە لامان و بەرووبوومەکانمان لێ دەکڕن، بەروبوومەکان گشتی باشن و هاووڵاتییان لێمان دەکڕن، سوپاس بۆ خوا بازاڕیش زۆر باشە".

لەلایەن خۆیەوە، ئازاد ئاکرەیی، بازرگان و نوێنەری عەلوەی ئاکرێ، گوتی: "پار چاندنی بەرووبووممان زۆر کەمبوو، بەڵام ئەمساڵ بەرووبووممان زۆرە، بەرهەمی ئەمساڵ زۆر بەرەوپێشچووە لەو دەڤەرە، هەموو شتێک بۆ جووتیاران فەراهمکراوە و جووتیارانیش ئەمساڵ زۆر گرنگیان بە کێڵگەکانیان داوە تا ئەو بەرووبوومە جوانەی لێ بەرهەمهاتووە".

لە وەرزی هاویندا بەرووبوومی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەکرێت.

هەروەها بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنن، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کار ئاسانی زۆریان بۆ کراوە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەماکانیان و هەناردەکردنیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لە رابردوودا هەر جووتیارێک بیویستبایە بەرووبوومەکەی بنیرێت بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەوا لەلایەن بازگەکانەوە بڕی هەزار و 500 دۆلاری لێ وەردەگیرا و هەندێک جاریش بەرووبوومەکەی لێ بەفیڕۆ دەدرا، ئەمەش زەرەێکی زۆر بوو بۆ جووتیاران، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ئەو جووتیارانە چارەسەرکرا کە دەیانویست بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

پێشتریش هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "بە سوپاسەوە بۆ هاوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە توانرا لێکتێگەشتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبێت، لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەشتنە ئێستا بەرهەمەکانی جووتیاران دەتوانن رەوانە بکەن بۆ شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکاتەوە".