یاریی کۆتایی جامی عێراق لە بەغدا بەڕێوە دەچێت

یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی جامی عێراق
یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی جامی عێراق

یاریی کۆتایی جامی عێراق لە بەغدا بەڕێوە دەچێت و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داواکارییەکەی یانەی هەولێری رەتکردەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، لێژنەی پێشبڕکێیەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داواکارییەکەی یانەی هەولێری رەتکردەوە کە یانە کوردستانییەکە بە نووسراوی فەرمی داوایکردبوو یاریی کۆتایی جامی عێراق لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوە بچێت.

لێژنەی پێشبڕکێیەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پێداگیری لەسەر بڕیارەکەی خۆی کرد کە پێشتر لە کاتی راکێشانی تیروپشکی قۆناخی پێش کۆتایی دووپاتیان کردەوە یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی جامی عێراق لە یاریگای شەعب لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

رۆژی شەممە کاتژمێر 08:00ـی شەو قوە جەوییە و هەولێر لە یاریی کۆتایی جامی عێراق بەیەک دەگەن، یەکەمجارە هەولێر دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و قوە جەوییەش پێشتر دوو جار جامەکەی بەدەستهێناوە.