زاهیر جەلال: خەریکم کلیپ بۆ گۆرانی دابڕان دەکەم

K24 - هەولێر

زاهیر جەلال-ی گۆرانیبێژ و هونەرمەندی بواری نواندن، دوای ساڵانێکی زۆر لە دوورکەوتنەوە لە هونەری موزیک و گۆرانی گوتندا، ئێستا سەرقاڵی وێنەگرتنی گۆرانیەکی تازەیه بە ناونیشانی دابڕان، ئەو گۆرانیشە لە تێکستی هونەرمەند دیار هەڵەبجەیی و ئاوازی خۆیەتی و لە دوای کۆتایی هێنان بە کارە تەکنیەکانی بەرهەمە لە کەناڵە کوردییەکان بڵاوبکرێتەوە.

زاهیر جەلال بە کوردستان24ـی راگەیاند: "راستە ماوەیەکی دوور و درێژە لە گۆرانی نوێ دووربووم، بەڵام هەمیشە هەوڵمداوە کارێک پێشکەش بکەم نوێگەریی پێوە دیاربێت لە رووی ستایل و موزیکەکەیدا و نەمویستووه بەرهەمی کرچ و کاڵ بخەمە بازاڕەوە، بۆیە ئەم ماوەیە زیاتر خەریکی نواندن بووم لە پڕۆگرامە کۆمێدییەکاندا، ئێستاش ئەم گۆرانیەم تۆمار کردووە، بەمزووانە لە کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵیە کوردییەکاندا بڵاودەبێتەوە، کە دەبێته یەکێک لە بەرهەمە جوانەکانی من لە دنیای هونەردا".

زاهیر جەلال ساڵی 1961 لە سلێمانی لە دایكبووە، یەکێکە لە هونەرمەند و شانۆکارە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە پاڵ کاری شانۆدا وەک گۆرانیبێژ و مامۆستاش خزمەت و خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانی تۆمارکراوە.

جێگەی باسە، هونەرمەند زاهیر جەلال، جگە لە گۆرانی گوتن، ئەکتەرێکی دیاری کۆمیدیایە و بە نوکتە و قسە خۆشەکانی ناوبانگی زۆری دەرکردووە، دوا بەرهەمی کۆمێدیاشی بەشداریکردن بوو لە پڕۆگرامی کەنین شۆدا.